Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەت ھاوکاریی کارگەکان دەکات "

دهۆک-KDP.info-   ڕەوشی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی نەبووە لەسەر کارگەکانی ھەرێمی کوردستان و بەشێک لەو کارگانەش کە تایبەتن بە بەرھەمھێنانی ماددەی پاککەرەوە، بەرھەمیان زیادی کردووە. سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆکیش دەڵێ، حکوومەت ھاوکارە لەگەڵ کارگەکان.

لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە چوارھەزار کارگە ھەن. کە جگە لە دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ، بەرھەمەکانیان ڕەوانەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دەکرێت. بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆربەی کارگەکان بەردەوامن لە کارکردن.

ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کارگەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن لە کارکردن و بە ھیچ شێوەیەک لە بەرھەمھێنان کەمیان نەکردووە، چونکە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکارییەکی کردووە بۆ بەردەوامیی کارکردن لە کارگەکان و ئێستا ھەموو کارگەکانی کەرتی پیشەسازی ڕۆژانە بەرھەمیان ھەیە."

بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارەیەک کارگەی کەرتی پیشەسازی، بەرھەمەکانیان زۆر زیادی کردووە، لەوانەش کارگەکانی بەرھەمھێنانی ماددەکانی پاککەرەوە، چونکە لە بازاڕ خواستی زۆری لەسەرە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەرکار دێن."

ئەیاد حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەشێک لە کارگەکانی ھەرێمی کوردستان پێشتر بەرھەمەکانیان ڕەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرد، بەڵام بەھۆی قەدەغەی ھاتوچۆی ئەو ناوچانە، ئێستا بەرھەمەکانیان ڕەوانە ناکرێت و کاتژمێری کارکردنیان کەم کردووەتەوە، واتە تەنیا بەشی بازاڕەکانی ھەرێم بەرھەمیان ھەیە و دوای ھەڵگرتنی قەدەغەی ھاتوچۆ لە عێراق دەگەڕێنەوە ڕەوشی ئاساییی خۆیان."

قائید میرۆ