Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كەركووك.. لە كۆڵان و شەقامەكانی زبڵ و خاشاك كەڵەكە بووە

كەركووك-KDP.info- ئیدارەیەكی بێباك و گەندەڵ لە پاش 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 حكومڕانیی كەركووك دەكات، كە دەیان مەلەفی گەندەڵییان لەسەرە، بە هۆی گەندەڵی لە گرێبەستی هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاكیش، ئێستا زبڵ شاری كەركووكی تەنیوە، هاووڵاتیانیش دەڵێن، مەترسی لەسەر ژیانمان دروست بووە، هەروەها ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاكەش ئاماژە دەدات، گەندەڵی سەرتاپای شاری تەنیوە و هاووڵاتیان ئازادییان نییە دەنگ هەڵبڕن.

سلێمان حەمە ساڵح، هاووڵاتی لە شاری كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "لە كۆڵان و بەردەرگاكانمان خۆڵ و خاشاكی بەرماوەی ڕۆژانەی هاووڵاتیان كۆبووەتەوە و ئیدارەی شاری كەركووك زۆر بێباكە و هیچ خزمەتگوزارییەك پێشكەش ناكات، ئەوەندە زبڵ و خاشاك كۆبووەتەوە مەترسی لەسەر تەندروستیی خۆمان و منداڵەكانمان دروست بووە، هیچ كەسیش نایەت بەدەم داواكارییەكانمانەوە".

ڕۆشنا نیهاد، ئافرەتی ماڵەوە، لای خۆیەوە دەڵێ: "بە ناچاری زبڵ و خاشاكمان لە كۆڵانەكان و شەقامەكان فڕێ دەدەین، شارەوانی و ئیدارەی شارەكە و ئەو كۆمپانیانەی ئەركی هەڵگرتنەوەی زبڵیان پێ سپێردراوە، بە مانگ سەیارەی هەڵگرتنەوەی زبڵ نایەنن بۆ گەڕەكەكان، ئێستاش خاشاك و زبڵ شارەكەی تەنیوە و ئیدارەیەكی گەندەڵ حكومڕانیمان دەكات، لە شارەكەشدا بۆنی پیس بڵاو بووەتەوە و مەترسی هەیە بۆ سەر ژیانی منداڵەكانمان، هەروەها دیمەنێكی ناشرینیشی بە شار بەخشیوە".

هاوكات جوان زەنگەنە، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند:" كەڵەكەبوونی زبڵ و خاشاك لە كۆڵان و شەقامەكانی كەركووك، ئەو گرفتەیە بە بێ چارەسەر ماوەتەوە، هەرچەندە پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك باس لەوە دەكات كە كارەكانیان بەردەوامە، بەڵام دەبینین لە كۆڵان و شەقامەكان زبڵ و خاشاك كەڵەكە بووە".

ناوبراو هەروەها دەڵێ: "نەتواندراوە ئەو كۆمپانیایانەی كە گرێبەستیان لەگەڵ دەكرێت بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ماڵان، پەیوەست بكرێن بە كارەكانیان لەبەر گەندەڵیی زۆر لە گرێبەستەكاندا، ئەو گرێبەستانەش كە دەكرێن هەڵەیان تێدایە و مەرجی قورس داناندرێت بۆ كۆپانیاكان لە بەر ئەوەی ڕێکكەوتن دەكرێت و دەستاودەست دەكرێت پێی، ئیدی كۆمپانیاكان بە مەزاجی خۆیان كار دەكەن، ئەوەش بووەتە هۆی كۆبوونەوەی زبڵ و خاشاك لە شارەكەدا".

زەنگەنە زانیاری زیاتر دەدات: "پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، هاووڵاتیان خۆیان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان خۆڵ و خاشاكەكانیان فڕێ دەدا، بەڵام بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆوە، هاووڵاتیان ناچارن زبڵەكانیان لە بەردەم ماڵەكان فڕێ دەدەن، كە ئەمەش لە ڕووی تەندروستییەوە زیانی زۆرە".

ئاماژەی بەوەش كرد، زبڵ و خاشاك لەگەڵ ئەوەی هاوكاری زیاتر دەبێت بۆ بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی زیاتری پەتای كۆرۆنا، لەگەڵ زیاتربوونی پلەی گەرمییش نەخۆشی لەو زبڵ و خاشاكە بڵاو دەبێتەوە، چونكە وەستانەوەی ئاو و كەڵەكەبوونی زبڵ دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بۆن و بەرامەیەكی ناخۆشیشی لێ پەیدا دەبێت، كە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتیان".

 

عەزیز ڕەسووڵ