Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی جەژنەكانی ئەكیتۆ

هەولێر-KDP.info-  بەبۆنەی ساڵی نوێی بابلی- ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم گەلی كلدان سریان ئاشووری لە كوردستان و جیهان دەكەین، ئاواتەخوازین بە ئارامیی و ئاسوودەیی ئەو جەژنەتان بەسەربەرن و مایەی شادی و دڵنەواییتان بێت.

لەو بۆنەیەدا دووبارە جەخت دەكەینەوە سەر بنەما رەسەنەكانی كوولتوری دێرین و رەگداكوتاوی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن بەبێ جیاكاریی لەرووی نەتەوە و ئایین و ئایینزا، كە نەریت و كۆڵەگەیەكی راست و دروستی گەلی كوردستانە و مایەی شانازیە بۆ هەموو لایەكیش، هەربۆیە پشتیوانی تەواو لەو فرەیی و هەمەرەنگییەی نێوان پێكهاتەكان لە نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان دەكەین و هیوادارین بەردەوام پتەوتر و بەهێزتربێت.

لە کاتێکدا ئەم چەژنە پیرۆزدەکەین کە کوردستان و جیھان و تەواوی مرۆڤایەتی بەھۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بەدۆخێکی ناھەمواردا تێدەپەڕێت، بۆیە وێڕای دووبارە پیرۆزباییمان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی_ئاشووری، ھیوادارین ھەموولایەک پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزیبن لەپێناو سەلامەتی و کەمکردنەوەی مەترسیەکان و سەرکەوتن بەسەر ئەم پەتایەدا.

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان