Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەندیکای کرێکاران: مافی کرێکاران نافەوتێت.. حکوومەت لەھەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی تەنفیزی سەندیکای کرێکاران دەڵێ، بەھۆی قەدەغەی ھاتووچۆوە ژمارەیەکی بەرچاوی کرێکاران ناتوانن بچنە سەرکارەکانیان، بەپێی یاساش تا دوو مانگ ئەرکی خاوەن کارە مووچە و کرێی کرێکاران خەرج بکات.

ھەنگاو عەبدوڵڵاخان، لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لەھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٨٠ ھەزار کرێکاری دەستەبەرکراو ھەن و لەو ژمارەیەش حەت ھەزار کرێکاری بیانین، جگە لەوانەش ژمارەیەکی زۆری کرێکاری رۆژانە ھەن و دەستەبەرنەکراون، ئەمانە زۆربەیان ناتوانن بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان، ئەوەش کاریگەری لەسەر رێژەی بێکاری ھەبووە.

عەبدوڵڵاخان گوتیشی: "ئێمە پێشنیازمان داوەتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتیش خۆی لەھەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرێکاران، هاوکات ژمارەیەک کارگە و خاوەن کاریش ھەڵوێستیان ھەبوویە و ئامادەن ھاوکاربن بۆ تێپەڕاندنی رەوشەکە

ئەو ئەندامەی سەندیکای کرێکاران دەشڵێت: "بەپێی یاسای کاری ژمارە ٧١ کە ساڵی  ١٩٨٧ ھاتووە لەکاتی ھەبوونی رەوشێکی وەک ئێستا کە دێتەپێشەوە و رەوشی لەناکاون خاوەن کار مووچە و کرێی کرێکاران خەرج دەکات، بەڵام تەنیا بۆ ماوەی ٦٠ رۆژە، لەگەڵ ئەوەشدا دوای ئاسایی بوونەوەی رەوشەکە خاوەنکار دەتوانێت کاری زیاتر بە کرێکاران بکات بۆ قەرەبووی کرێ، ھەر بەپێی یاسای کار نابێت کاری زیادەش لە دوو کاتژمێر زیاتربێت بۆ ھەر رۆژێک.

 

قائید میرۆ