Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جەلال کاکەشین بۆ KDP: مافی قوتابیان نافەوتێت.. خەریکی چارەسەرکردنی خوێندنی ئەمساڵین

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە بەھۆی درێژکردنەوەی پشووی ناوەندەکانی خوێندن بەدوای ئالیەتێکدا دەگەڕێت بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ، بەرپرسێکی وەزارەتەکەش دەڵێ، گرینگ ئەوەیە مافی قوتابیان نافەوتێت.

جەلال ھەمزە کاکەشین، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە خەریکی چارەسەرکردنی کێشەی خوێندنی ئەمساڵە و بەھەموو پێوەرێک مافی قوتابیانی خۆشەویست نافەوتێت و وەزارەت بڕیار لەسەر چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی دەدات، وە قوتابیان دڵنیا دەکەینەوە کە بەدوای میکانیزمێکی گونجاوین.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە گوتیشی: "هەفتەی رابردوو لەبارەی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبووەتەوە، بەڵام ھیچ بڕیارێکی کۆتایی نەداوە لەسەر چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ.

ھەمزە کاکەشین دەشڵێ، "ژمارەیەک پێشنیاز ئامادەکراون بۆ بڕیاردان لەچارەنووسی خوێندن، بەڵام تائێستا بەرچاو روونی بۆ وەزارەتی پەروەردە نیە تا بڕیاری کۆتایی بدات، ئێمە بەدوای ئالیەتی گونجاو دەگەڕێین و ھەرکاتێک گەیشتین بە چارەسەری کۆتایی رایگشتی و قوتابیان ئاگادار دەکەینەوە.

 

قائید میرۆ