Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. خالس قادر: تا ئێرە باشمان ھێناوە لە کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا

هەولێر-KDP.info-  ھەرێمی کوردستان بەو توانا سنووردارەی ھەیەتی، توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵی ڕەوشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات و بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ: "تا ئێرە زۆر باشمان ھێناوە و ئەگەر ھاووڵاتیان ھاوکار بن، سەر دەکەوین."

د. خالس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تاکو ئێستا لە ھەنگاوەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەراورد بەو مەترسیەی لەسەر ھەرێمی کوردستانی ھەیە، ھەنگاوی باشمان بڕیوە، چونکە تا ئێستا وڵاتی ئێرانی دراوسێمان نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی ڕەوشەکە بکات و ڕەوشی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش زۆر خراپە."

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "ھەرێمی کوردستان توانیویەتی ژمارەی تووشبوانی زۆر سنووردار بکات و ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئێمە، ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن ڕێوشوێنەکانی حکوومەت گرتوونیەتە بەر زۆر باش بوونە."

دکتۆر خالس قادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر ھاووڵاتیان ھاوکاری حکوومەت بن و لە ماڵەوە بمێننەوە و ئەو قەڵەباڵغی و ھاتوچۆیەی ماوە، ئەویش ببڕیت، بەتایبەتی لە نێوان قەزا و ناحیەکاندا، بەدڵنیاییەوە دەتوانین بە کەمترین زیان کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەین، مەرجی سەرکەوتنی گەورە لە ھاوکاریکردنی ھەموو لایەکدایە."

قائید میرۆ