Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. دالیا: سێ ملیار دینار و بڕێكی زۆر كەلوپەلی پزیشكی لە بەغداوە رەوانەی ھەرێم دەكرێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ھەر ھاوكارییەكی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بگاتە عێراق، پشكی ھەرێمی كوردستانی تێدایە و رۆژانی دابێ سێ ملیار دینار و بڕێكی زۆری كەلوپەلی پزیشكی رەوانەی ھەرێم دەكرێت.

د. دالیا فەرھاد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەر ھاوكارییەكی نێودەوڵەتی لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیھانییەوە بۆ عێراق بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشی ھەرێمی كوردستانیشی تێدایە و لەو بودجەیەی حكوومەتی عێراقیش كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تەرخانی كردووە، بەشی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی دەشڵێت: "بڕیارە لە چوارچێوەی پلانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، حكوومەتی فیدڕاڵ سێ ملیار دینار بۆ خەرجییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات و هاوكارییەكانیش بەردەوام دەبن".

د. دالیا فەرھاد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ھەردوو حكوومەتی عێراق و چین رێككەوتن لەسەر ئەوەی وڵاتی چین ھاوكاریی عێراق بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا بڕێكی زۆری ھاوكاریی پزیشكی لە چینەوە رەوانەی عێراق بكرێت و لەگەڵ گەیشتنیشدا پشكی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی دوێنێ چین ھەندێك ھاوكاریی گەیاندە ھەولێر".

 

قائید میرۆ