Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرکەوتنی دیموکراسیەت و شکستی کۆدەتای سپی لە عێراق

مسعود حیدر

لای ھەمووان ئاشکرایە کە دەوڵەتی عێراق لەسەرتای درووستبوونیەوە بە چەندین کۆدەتای خوێناوی تێپەڕیوەو پێکھاتەکانی عێراق تووشی نەھامەتی گەورە بوونەو وڵات وێران کراوەو داھاتەکەی بەھەدەر چووەو خەڵکەکەی سەرگەردان بووە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ قۆناغێکی نوێ لە عێراق دەستیپێکرد و بە ھەوڵ کۆششی تێکۆشەرە نیشتمانپەروەرەکان سیستمێکی سیاسی نوێ دارێژرایەوە کە گونجاو بێت لەگەڵ ئامانجەکانی گەلانی عێراق بە نووسینەوەی دەستورێک کە بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤی دێتە چەسپاو و بنەمایەکی بتەو بێت بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی فیدراڵی.
لە ماوەی ١٦ ساڵی حوکمڕانی لە بەغداد، حکومەتە جیاوازەکان نەیانتوانی تێڕوانینێکی روون دابرێژن بۆ بوژانەوەی ئابووری و ژێرخانی ووڵات و باشکردنی ژیانی خەلک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارێ بنەرەتێکان و بەرجەستەکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ خۆپیشاندانەکان بەرپابوویەوەو داواکاری خۆپیشاندەران لەناوبردنی گەندەلی و ژیانێکی شایستەو رەخساندنی ھەلی کار بوو کە ھەمووی داواکاری بە جێیەو دەستورین.
لە ئەنجامی کێشەو گۆرانکارییەکانی دوای خۆپیشاندانەکان محمد تۆفیق عەللاوی راسپێردرا بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق وەکو کەسایەتیەکی سەربەخۆ بۆ حکومەتێکی سەربەخۆ، ھەم شەخسی عەللاوی و ھەم خانەوادەکەی جێگەی رێزو تەقدیری سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی سیاسی کوردن. عەللاوی بە شێوەیەک وێنا کرا کە سەربەخۆیەو دەبێتە کلیلی چارەسەری کێشەکانی عێراق کە گەلانی عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنن ھەروەھا و داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ دەکات.
پاش ئەو ھەموو ئاڵۆزیە عەللاوی راسپێردرا بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ لە بەغدا، پاش راسپاردنی و لە ئەنجامی ھەڵسوکەوت و لێدوانەکانی بۆ ھەموو لایەک روون بۆوە کە سەربەخۆ نییەو زانیاری وردمان دەسکەوت کە ھیچ سەربەخۆبوونێکی نییەو سێبەری خستە سەریان.

پرسیارەکەش ئەوەیە کە چۆن و بە چی شێوەیەک راسپێردرا بۆ پێکھێنانی حکومەت ؟
بە پێ ی زانیارێ وردەکان پرۆسەکە لە دەرەوەی عێراق پلانی بۆ دارێژراو بەم شێوەی خوارەوە:

١- ھەردوو سەرکردەی شیعە سەدرو عامری لە شاری قوم رێککەوتن لەسەر راسپاردنی محمد توفیق عەللاوی بۆ پێکھێنانی حکومەت و سەرۆک کۆماری عێراق دکتۆر بەرھەرم ساڵحیش بەشداری ئەم رێکەوتنە بووە.
لێرەدا پێویستە بپرسین چۆن ئەم رێکەوتنە کراوەو چۆن دەکرێ سیفەی سەربەخۆ بدەین بە عەللاوی ؟
٢- دکتۆر بەرھەم ساڵح لەگەڵ سەدر رێکەوتنی کردووە کە کاندیدی وەزارەکانی کورد و عەرەبیش ئەو دیاری دەکات و بە فلتەری سکرتاریەتی سەرۆک کۆمار تێدەپەرێت و بەشێکی زۆری ئەم رێکەوتنە جێبەجێ کرا.
سەرۆک کۆمار دوو ئامانجی سەرەکی ھەبوو لەم پرۆسەیە:
أ- تۆڵە سەندنەوە لە ھاورێکانی لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ھۆکاری ھەڵنەبژاردنی وەکو سەرۆک یان سکرتێری یەکێتی.
ب- تۆڵە سەندنەوە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەر پشتیوانی نەکردنی لە رووی سیاسیەوە.
ھەروەھا سەرۆک کۆمار ویستی پەیامێک بنێرێ بۆ سەرکردایەتی کورد کە مافی کورد و شایستەکانی لای ئەو یەکلادەبێتەوە.
٣- ھەروەھا عامریش ئامانج و ئەجێندای تایبەت بە خۆی ھەبوو، لەگەڵ سەدر رێکەوتنی کردبوو کە حکومەتەکەی عەللاوی کاتی دەبێت و سەدر وەعدی پێدابوو کە حکومەتی داھاتوو بە سەرۆکایەتی عامری دەبێت.
٤- ھەروەھا سەدر ئەجێندای تایبەت بە خۆی ھەبوو، ویستی دامودەزگاکانی دەوڵەت پر بکات لە کادرەکانی خۆی لە ماوەی حکومەتەکەی عەللاوی. ھەروەھا لە لێدوانەکانی ئاماژەکانی خۆ ئامادەکردن بۆ قۆناغێکی مەترسیدار بەدی دەکرا لە عێراقدا، بە ھەرەشەکردن لە پێکھاتەکان و ناو ھێنانی پێشمەرگە بە میلیشیا کە دەستوور ھەبوونی سەلاماندووە، لێدوانەکانی سەدر لە خزمەت پرۆسەی سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی نەبوو لە عێراو دوای ئەو قۆماغە خوێناویەی شەڕی ناخۆی تایفی کە دەیان ھەزار بێتاوان بوونە قوربانی تێدا لە گشت پارێزگاکانی عێراق.

ئەوەی کە ئاماژەمان پێکرد کۆدەتایەکی سپی بوو لەسەر پرۆسەی سیاسی و شەراکە لە عێراقدا.
خودی محەمەد تۆفیق عەللاوی لەسەر بنەمای نا سروشتی ھەلسوکەوت مامەڵەی دەکرد بە استخارەو پەنا بردن بۆ منجمین و لەبەر رۆشنایی ئەوانە مامەڵەی دەکرد لەگەڵ پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت. عەللاوی ئەو قەناعەتەی لا گەڵاڵە بوو کە ئەو رزگارکەری عێراقەو بە ئیرادەیەکی ئیللاھی راسپێردراوەو موعجیزە دروست دەکات، لەبەر ئەوە تووشی غرور بوو وە بریاری دا تەنھق مامەڵە لەگەڵ ئەوانەدا بکات کە ئاماژەمان پێکردووەو نا واقعی بوو لە خوێندنەوەی بۆ کێشەکانی عێراق و پرۆسەی سیاسی و نەیتوانی قەناعەت بە پێکھاتەکانی عێراق بکات بە شیعەو سوننەو کوردەوە بۆ پشتیوانی کردنی لە پێکھێنانی حکومەتەکیدا.
سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردە نیشتمانێکانی عێراق بەرچاو روونیان ھەبوو لەسەر مەترسی ئەو پلانەی دارێژراوە، بۆیە بە ئامرازی دیموکراسی و وتووێژ ئەو پلانەیان پووچەڵ کردەوە بۆ پاراستنی پرۆسەی سیاسی و رێگریکردن لە چوونە تونێلێکی تاریکەوە کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکێکانی کیانی سیاسی و دەستووری ھەرێمی کوردستان بوو، جگە لە بە ئامانگرتنی پێکھاتەی سوننەو حزب و لایەنە نیشتمانێکانی ناوماڵی شیعە، کۆی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق کەوتبۆ مەترسیەوە، دەستپێکی لە ھەرێمی کوردستانەوە بوو بە راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.
بێگومان رۆڵی حزب و فراکسیۆنە کوردستانێکان شەرەفمەندانەو بەرپرسانە بوو لە ماوەی رابردوو پەیوەست بە ئالیەتی پێکھێنانی حکومەتی نوێ لە بەغداد، ئەوەش جێگەی تەقدیری گەلی کوردستان و سەرۆک مسعود بارزانیە. بێگوومان ھێزە سیاسێکانی کوردستان لە رووانگەی بەرپرسیارێتی بەرانبەر ھەموو پێکھاتەکانی عێراق ھەڵوێستیان ھەبووەو مامەڵەیان کردووە، پاراستنی ئاسایش وسەقامگیری عێراو و پرۆسەی دیموکراسی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقیە.
عێراق ووڵاتێکی فرە نەتەوەو کەلتورە، بۆ زامنکردنی ئاسایش و سەقامگیری دەبێ لەسەر پایەکانی ھاوبەشی و سازان و ھاوسەنگی بونیاد بنرێت، وە بۆ زامنکردنی بوژانەوەی دەبێ ئاسایش و ئاشتی لەلایەن ھەموو پێکھاتەکانەوەو پێکەوە بەرقەرار بکرێت.
بۆ قۆناغی داھاتوو لە پێکھێنانی حکومت و پرۆسەی سیاسی ھەلی گونجاو ھەیە بۆ :

١- چاکسازی لە دامودەزگاکانی دەوڵەت، چاکسازی دارایی و کارگێری
٢- چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئەمنی ئابورێکان و راگرتنی پێشێلکردنی دەستووری عێراق.
٣- بەرجەستەکردنی بنەماکانی ھاوبەشی وسازان و ھاوسەنگی ( الشراكة والتوافق والتوازن) لە بەرێوەبردنی دەولەتی عێراقدا.

لە کۆتاییدا، ئەنجامی پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت لە قازانجی گەلانی عێراقدا بوو، چونکە بە ھەوڵی ھەموو لایەک توانرا ھەژموون و بیری تاکڕەوی و سەپاندنی ئیرادە لە پرۆسەی سیاسی لاواز بكرێت لە عێراق.

٢٠٢٠/٣/٣