Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پۆڵەندا نوێنەرایەتییەکەی لە هەولێر بۆ کونسوڵخانەی گشتی دەگۆڕێت

هه‌ولێر-KDP.info- به‌رپرسى ئۆفیسى پۆڵەندا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و، ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان داوە.

دۆمینیک میشاڵ به‌رپرسى ئۆفیسى پۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و، لەلایەن هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی و هەڤاڵانی مەکتەب پێشوازی کرا.  کە دوایین پێشهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کرا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، باردۆخەکی ئێستای عێراقی بە هەستیار ناوبرد و گوتی: عێراقییەکان لەبەردەم دووڕیانێکی مێژوویدان، دەبێت بە بەرپرسیاریانە هەڵسوکەوت بکەن. وە جێگای خۆشحاڵییە کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکی زۆری عێراقییەکان ڕێگریان کرد لە زیاتر قوڵبوونەوەی گرژییەکانی عێراق، بەوەی ڕێگەیان نەدا حکوومەتی نوێ لە دەرەوەی ئێرادەی لایەنە سیاسیەکان دابمەزرێنێت.

سیوەیلی جەختی کردەوە، کە عێراق پێویستی بە حکوومەتێکی بەهێزە، بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریست و کۆتایهێنان بەو میلیشیایانە، کە بوونەتە مەترسی بۆ سەر ئارامی و سەقامگیری، بە تایبەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و، ئەو جێگایانەی کە بەر لێشاوی وێرانکاری بوویەوە لە کاتی داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە.

به‌رپرسى ئۆفیسى پۆڵەندا، دۆمینیک میشاڵ، خۆشحاڵی خۆی ڕاگەیاند، کە حکوومەتی پۆڵەندا بڕیاریدا نوێنەرایەتی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرزبکاتە بۆ کۆنسوڵخانەی گشتی، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە و گرینگە بۆ بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندییەکانی نیوان هەرێمی کوردستان و پۆڵەندا. میشاڵ سوپاسی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد، "ئێمە بەردوام دەبین لە هاوکارییە مرۆییەکانمان بۆ هەرێم"، دڵنیاییدا کە کارەکانی کۆنسوڵخانەی فراوان تر دەبێت. سوپاسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد، بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتەکەی و داوای بەردەوامیی کرد، هۆشیار سیوەیلی جەختی کردەوە، کە ئێمە وەکو پارتی ئامادەی هەموو هاوکاریەکین لەپێناو بەرەو پێشوەچوون و بەرژەوەندی گەلی کوردستان و گەلی پۆڵەندا، هاوکات سوپاسی گەل و حکوومەتی پۆڵەندای کرد، بۆ ئەو هەنگاوە و هیوای خواست، کە ئەمە ببێتە سەرەتایەکی نوێ و کاریگەرتر لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و سیاسی و پەروەردەیی و کەلتووری نێوان هەردوو گەلدا و، بەڵێنی بەردوامی لە هاورکایدا.

بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە، باسی لە باردۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە بەگشتی بۆ ئەوەشیان دووپاتکردەوە، کە پێویستە ئەو ئاڵۆزییانە سارد بکرێنەوە و، ڕێگای دانوستان بگیرێتەبەر بۆ کۆتایی هاتنی نەهامەتیەکان و، ڕەخساندنی دەرفەتی گەشەسەندن و سەقامگیری کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.