Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود عوسمان: حکوومەتی داھاتووی عێراق ھەرزوو کۆتاییی دێت

هەولێر-KDP.info- لایەنەکان خەریکی ڕێککەوتنن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و سیاسەتمەدارێکی کوردیش پێی وایە، ھیچ حکوومەتێک لە عێراق سەر ناگرێت تا میلیشیا دەسەڵاتی ھەبێت.

دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، کابینەیەکی لەرزۆک دەبێت و ھیچ حکوومەتێک بەو شێوەیە لە عێراق سەر ناگرێت، لەبەر ئەوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق لە توانای سەرۆکوەزیراندا نییە، لەبەر ئەوەش کورد و سوننە بەشداری بکەن، یان نەیکەن، حکوومەت ھەر پێک دێت، بەڵام دواتر ھەرزوو تێکیش دەچێت."

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد دەڵێت: "ھێشتا حکوومەت لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێ نەدراوە، کەچی سەدر ھەڕەشە دەکات، کەواتە حکوومەتی داھاتووش ھەر لە ئێستاوە بەرەو لەناوچوون دەچێت."

دکتۆر مەحموود عوسمان ڕوونی کردەوە: "پڕۆسەی سیاسی لە عێراق شکستی ھێناوە و بە پێکھێنانی حکوومەتێکی نوێ چارەسەری کێشەکان ناکرێن، لەبەر ئەوەی عێراق کەوتووەتە دەست میلیشیات و خەڵکێک ھەرکاتێک چۆنیان ویست بەرنامەی خۆیان جێبەجێ دەکەن، کەواتە حکوومەت و سەرۆکوەزیران ھیچیان بەدەست نییە."

قائید میرۆ