Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی گوماناوی تۆمارنەکراوە کە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت"

   سۆران-KDP.info - لە دوێنێوە بە سەدان ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان لە رێگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان لە دوو ھوتێلی شاری سۆران جێگیر کراون و لەژێر چاودێریی پزیکشیدان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی گوماناوی تۆمار نەکراوە.

کرمانج عیززەت، قایمەقامی قەزای سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: " ھاووڵاتیانی دەڤەری سۆران ئاگادار دەکەینەوە، ھەموومان دەزانین  ڤایرۆسی کۆڕۆنا ھەڕەشە لە ھەموو جیھان دەکات و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە رێوشوێنی توند بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکە."

قایمقامی قەزای سۆران گوتیشی: "وڵاتی ئێران بەفەرمی رایگەیاند ژمارەیەک ھاووڵاتی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و خەڵکێکی زۆری ئێمەش بە کاری جۆراوجۆر سەفەری ئێرانیان کردووە، ئێستا ئەو ھاووڵاتیانە لە چەند شوێنێک نیشتەجێ کراون و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان."

د.کاروان جەمال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران رایگەیاند: "لە دوێنێوە ئێمە لەسەر خەتین بە رێگای دوو تیمی پزیشکی پشکنین بۆ ئەو ھاووڵاتیانە دەکەین، تا ئێستا لەناو ئەو کەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە بۆ سۆران ھیچ حاڵەتێکی گوماناوی تۆمار نەکراوە، کە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆیە ھاووڵاتیانی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە ھیچ مەترسیەک نییە و تەنیا رێوشوێنی خۆپاراستنە و بۆ بەرژەوەندیی ھەموومانە."

سیروان سابیر