Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی لەگەڵ فراکسیونى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان کۆ بووەوە

پیرمام -KDP.info – لە بارەگاى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانى، سکرتێرى مەکتەبى سیاسى کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فراکسیونى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان کرد.

کۆبوونەوەکە، کە مەحموود محەمەد، ئەندامى مەکتەبى سیاسى و ڕەمزى شەعبان، ئەندامى یەدەکى مەکتەبى سیاسى و، نوێنەرى بارەگاى بارزانى و بەڕێوەبەرى نووسینگەى جێگرى سەرۆکى پارتى، تەها بەروارى، ئامادەى بوون، بە دەقیقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانى شەهیدانى کوردستان و سەرکاروانیان بارزانى نەمر و کاکە ئیدریسى هەمیشە لە یاد دەستى پێ کرد.

پاشان هێمن هەورامى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمان و ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى، لەجیاتى ئەندامەکانى فراکسیۆنى پارتى، سوپاسى مەکتەبى سیاسیى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەم کۆبوونەوەیە.

فازڵ میرانى، سکرتیرى مەکتەبى سیاسى، وێڕاى دەربڕینی خۆشحاڵیى خۆى بە گرێدانی ئەم کۆبوونەوەیە، تیشکى خستە سەر بابەتە گرنگەکانى ڕۆژەڤى هەرێمی کوردستان و عێراق.

سکرتیرى مەکتەبى سیاسى دووپاتى کردەوە، کە ئەندامبوون لە پەرلەماندا کاریکى پیرۆزە و ئەرکێکى سەختە و پیش هەموو شتێک ئەرکێکى مرۆییە لە ڕەچاوکردنى ڕەوشى ژیانى مرۆڤەکان و ئازادیى تاک و ئەم ئەرکە بە پەیڕەوى لە هێزى لۆژیکى دەبێت.

میرانى ئاماژەى بەوە دا: "لەم تێرمەدا کە ئێوە بوون بە ئەندامی پەرلەمان لەبەر کەفائەت و لیهاتووییى خۆتان بووە، بەڵام ئەمە وا ناگەیەنێت کە کەفائاتى دی نین، پارتى دیموکراتى کوردستان پڕە لە لیهاتووەکان و کادر و ئەندامى کارا و زیرەک. بەڵام ئیستا نۆرەى ئێوەیە و سبەینێ نۆرەى ئەوانى ترە."

سکرتیرى مەکتەبى سیاسى دووپاتى کردەوە: "ئەرکى پەرلەمانتارەکان کوردایەتییە و ئەمە لە ڕوانگەى وتەى بارزانى نەمرەوە دێت، کاتێ فەرموویەتى هەر کوردێکى باش پارتییە و ئەمە فەلسەفەیەکى بەرزە و ڕێبازێکى پیرۆزە."

فازڵ میرانى ئاماژەى بەوە دا: "هەر هەموومان باسى دیموکراتیەت دەکەین، بەڵام تا ئێستا تێگەیشتنى بیرۆکەى دیموکراتیەت لاى ئێمە لە ئاستێکى نزمدایە.''

سەبارەت بە ڕەوشى هەرێمى کوردستان، فازڵ میرانى دیاری کرد: "ئێمە لە ناوچەیەک دەژین کە لە هەموو ڕوویەکەوە پڕى گرفتە، بەڵام سپاس بۆ خواى گەورە و ڕۆڵەکانى میللەتى ئێمە، کە هەرێمى کوردستان پارێزراوە و زۆر جیاوازیی هەیە لەگەڵ ناوچەکانى تر لەم ناوچەیەدا. هەندێک کەس هەنە لە کوردستان دەڵێن هیچ نەکراوە، ئەمە ڕاست نییە، زۆر کراوە، بەڵام ئەوە هەموو خواستى ئێمەیە؟ لە وەڵامدا دەڵێین نەخێر، خواستى ئێمە زۆرترە، بەڵام ڕەوش و کاودان یارمەتیدەر نەبوون."

سکرتیرى مەکتەبى سیاسى زیاتر گوتی: "دەبێ کەرتى تایبەت زیاتر ڕۆڵى خۆى بگێڕێت بۆ بەرەوپیشبردنى وڵاتەکەمان و ڕەخساندنى زیاترى هەلیکار بە هەماهەنگى لەگەڵ حکوومەتى هەرێمی کوردستان."

میرانى تەئکیدى کرد: "ئیمە و لایەنەکان لەناو حکوومەتى هەرێمى کوردستان شەریک و براى یەکین، هەروەها لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنیش شەریک و براین و هاوبەشەکانمان زۆرن و هەردوولامان کوردین و کوردستانین و خەڵکى ئەم خاکەین و هەریەک لە ئێمە بەقەدەر مێژوو و قەوارەى خۆى بەرپرسیارەتى هەڵدەگرێت و مێژووى پارتى زۆر پیرۆزە و پڕە لە سەروەری، لەبەر ئەوەشە کە بەرپرسیارەتیی ئێمە وەک پارتى زۆرترە لە لایەنەکانى تر، بەڵام ئەم چەندە پێویستى بە جوگرافیا هەیە و ئەویش کوردستانە و دەبێت هەر هەموومان لە یەک سەنگەردا بین بۆ پاراستنى کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە."

سەبارەت بە دۆخى عێراقى فیدرال، میرانى دووپاتى کردەوە: "حوکمڕانەکانى عێراق لە دواى سالى 2003 تووشى هەڵە بوون و لە سالى2003وە تا ئەمڕۆ باسى سیادەى عێراق دەکەن، بەڵام هەر خۆیان هیچ سیادەیەکیان بۆ عێراق جێ نەهێشتووە."

میرانى درێژەى بە وتەکانی دا و گوتى: "ئێمە لە کاتى ئۆپۆزسیۆن دۆستى وڵاتانى دراوسێ بووین، بەڵام دواى سالى2003 و ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى، دەبێ عێراقییەکان بەو وڵاتانانە بڵێن ئێستا لەگەڵ ڕێزگرتنى بەرامبەر و دەستوەرنەدان لە کاروبارى ناوخۆى هەردوولاین و دەبێ ئەمە لە هەموو بوارەکاندا لووتکەی پەیوەندییەکان بێت، بەڵام بەداخەوە ئەمە ڕووى نەدا."

سکرتیرى مەکتەبى سیاسى ئاماژەى بەوە دا: "ئەوەى ئێستا لە عێراق ڕوو دەدات، وەکو کوشتن و بەکارهێنانى هێز دژی خۆپێشاندەران، سەرکۆنەمان کردووە و بە کارێکى خراپی دەزانین و عێراق بەرەو ئاقارێکى تر دەبات."

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا دەرگاى دانوستاندن کرایەوە و ئامادەبووان ڕاوبۆچوونى خۆیان لەسەر چەندین بابەت خستە ڕوو و گەنگەشەیان کرد.