Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

''پەڕەپێدانی ھاوكاریی کەلتووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاری کراکۆڤ لە پۆڵۆنیا تاوتوێ کرا''

هەولێر -KDP.info- زیاد ڕەئووف، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی پۆڵۆنیا کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ بەڕێز، ڕۆبەرت پیاسکۆڤسکی (Robert Piaskowski)، نوێنەری تایبەتی پارێزگاری کراکۆڤ بۆ کاروباری کەلتووری، ئەنجام دا.

لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە كەلتوورییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و شاری کراکۆڤ کرد و گەشبین بوون بە ئایندەی پەیوەندییەکان و توانای ئەنجامدانی كۆمەڵێك چالاكیی جۆراوجۆر و جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەك.

نوێنەری تایبەتی پارێزگاری کراکۆڤ ئامادەییی خۆی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پسپۆڕانی پەیوەست بە شوێنەوار و نۆژەنكردنەوەی شوێنە كۆن و مێژووییەكانی كوردستان دەربڕی.

شایانی باسە، شاری كراكۆڤ خاوەنی چەندین شوێنی کەلتووری و شوێنەواری زۆر بەناوبانگە و ساڵانە زیاتر لە ١٠ملیۆن گەشتیار بۆ بینیی شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکان ڕووی تێ دەکەن. ئێستاش بۆ ماوەی دوو ساڵ شاری كراكۆڤ سەرپەرشتیی ڕێكخراوی جیھانیی شارە شوێنەوارییەكان بە ناوی (Organization of World Heritage Cities) دەكا، شاری ھەولێریش لەو ڕێكخراوەیەدا ئەندامە.

ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر ئاڵوگۆڕی ھونەری لە بوارەكانی شانۆ و موزیك و شێوەكاری و چەند پڕۆگرامێکی هونەریی تر .

نوێنەری تایبەتی پارێزگاری کراکۆڤ سوپاس و پێزانین و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو چالاكییە كەلتوورییانەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە كراكۆڤ بەڕێوەیان دەبات، وەكو پێشانگا و كۆنسێرت و بەشداریكردن لە فیستیڤاڵی فرەكەلتووریی شاری كراكۆڤدا.