Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی پلانی ھەیە بۆ بەکارخستنەوەی زیاتر لە دووھەزار کارگە"

هەولێر-KDP.info- بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشەوە سەدان کارگە لە ھەرێمی کوردستان داخراون و وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیش پلانی ھەیە بۆ ئەوەی کارگە داخراوەکان بەگەڕ بخرێنەوە.

سەردار قوربانی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی پیشەسازی کار بۆ ڕەخساندنی ھەلیکار دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ھەوڵ دەدرێت ئەو کارگانەی پێشتر داخراون و کار ناکەن، دووبارە دەست بە کارکردن بکەنەوە. 

وەزیری پیشەسازی  لەگەل نوێنەری کارگە داخراوەکان کۆ بووەتەوە و پلان ھەیە بۆ بەکارخستنەوەی کارگەکان، خاوەنکارگەکان ھەندێ داواکارییان ھەیە، لەوانەش پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ناوچە پیشەسازییەکان و کەمکردنەوەی نرخی کارەبا."

بەرپرسەکەی وەزارەتی پیشەسازی گوتیشی: "لە ھەرێمی کوردستان سێھەزار و ٧١٤ کارگە مۆڵەتیان لەلایەن حکوومەتەوە ھەیە، ئێستا بەداخەوە نزیکەی دووھەزار و ٢٧٠ کارگە کار ناکەن، ئەوەش دەکاتە نیوەی زیاتری ڕێژەی کارگەکان."

سەردار قوربانی جەختی کردەوە: "بێگومان ھەموو کارگەکان کە پێشتر دامەزراون لەسەر بنەمایەکی ئابووری بووە، کارنەکردنیان کاریگەریی کردووەتە سەر ئابووریی ھەرێمی کوردستان، خەڵکێک بێکار ماوە، دوای داخستنی ئەو کارگانە، بەرھەمی ناوخۆ کەمی کردووە و چەندین کاریگەریی دیکەی ھەبووە، بەڵام ئێستا وەزارەت کار بۆ ئەوە دەکات کە ئاسانکاری بۆ خاوەنی کارگە داخراوەکان بکات، تا دەست بەکار بکەنەوە."

 

قائید میرۆ