Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە

ڤاتیكان-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 2020/2/18 مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ كاردینال پێترۆ پارۆلین سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە. 

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لە بارەی رەوش و دوا پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندی نێوان ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان كرا. 

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پوختەیەكی لە بارەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە رووی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و هەوڵەكانی بۆ قوڵكردنەوەی كولتووری یەكترقبووڵكردن و ئاشتەوایی و تەبایی گەلان، پێشكەشكرد. باسی لەوەشكرد، كوردستان وەك هەرێمێكی ئارام لە ناوچەیەكی ئاڵۆز، بۆتە پەناگەی پاراستن و پەنادانی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی نێوخۆیی و دەورووبەر، لەنێویشیاندا كریستیانەكان، كە لە بەر رەوشی ئاڵۆز و هەڕەشەی تیرۆریستان، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و هەموو مافە ئایینی و نەتەوەیی و خزمەتگوزاریی ژیارییان لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستەبەركراوە. 

سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئاماژەی بە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كرد، كە بە فراوانی كار بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و گەشەپێدان بە سێكتەرە جیاوازەكان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكەدا دەكات. 

سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، پشتگیری وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و پەرۆشی خۆی بۆ توندوتۆڵكردنی پەیوەندی ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان خستەڕوو. 

سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، رۆڵی گەلی كوردستانیشی لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان بەرز نرخاند و سڵاو و رێزی تایبەتیشی بۆ سەرۆك مەسعود بارزانی هەبوو. ستایشی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد لە بەرامبەر ئەو رۆڵە مرۆییەی لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بایەخدان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە و هاوبەشییپێكردنی هەمووان،  سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕ و ئایینییەوە، پەیڕەوەی دەكات و نموونەیەكی جوانی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی پیشاندەدات.