Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

په‌یامى نێچیرڤان بارزانى بۆ یادى یه‌كێتیى قوتابیانى كوردستان

په‌یامى نێچیرڤان بارزانى بۆ یادى یه‌كێتیى قوتابیانى كوردستان

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و بەرپرسانی لقەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان

سڵاوی زانست و خەبات،

بە بۆنەی (٦٧)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانه‌وه‌، گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و تێکڕای ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم قوتابیانی ئازیزی کوردستان دەکەم، ئومێدەوارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ زیاتر جۆشدانی خەباتی ڕێکخراوەییتان لەپێناو خواستەکانی قوتابیانی کوردستاندا.

یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و لە پێشەنگەکانی خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەی کۆمەڵگای کوردستانییە و قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیاری گەلەکەمانە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیماندا بینیوە.

ڕۆڵی ڕێکخراوەییتان لە خزمەتکردنی خواستەکانی توێژی قوتابیان و بە ئامانج گەیاندنی داواکانیان بە شێوازی مەدەنی و شارستانی بەرز دەنرخێنم، ئێوە ئەرکی گرنگی نیشتیمانی و پیشەییتان لە ئەستۆیە، بەتایبەت لە پێگەیاندنی تاکی هۆشیار و کەسایەتیی سەنگین و توانای دڵسۆز و لێهاتوو بۆ گەلەکەتان، لەگەڵ بەشدارییەکی کارا لە گەشە و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردە لە کوردستاندا بە ڕوانگە و میکانیزمی نوێ کە وەڵامدەرەوەی ڕۆحی سەردەم و پێشکەوتنە خێراکان و خەون و خواستی قوتابیانی کوردستان بێت بۆ پێشکەوتن و نوێبوونەوە و ئاستێکی بەرز و شیاو لە زانست و پەروەردە. گرنگە جێدەستتان بە گۆڕانە ئەرێنی و پێشکەوتنەکانی سیستمی خوێندن و پەروەردەوە دیار بێت و بە دیدگا و بەرنامەی نوێ و سەردەمیانەوە کاری ڕێکخراوەییتان ئاراستە بکەن.

قوتابیان توێژێکی گرنگ و هەستیاری کۆمەڵگان و ئومێدی ئایندەی کۆمەڵگاکەیانن، دەبێ خواست و پێویستیەکانیان بە هەند وەربگیرێن و بایەخی بەردەوام بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی نیشتیمانی و هەستی بەرپرسیارێتی لە گرتنە ئەستۆی ئەرکەکانیان بە دڵسۆزی و لێهاتوویی، بدرێت. ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان لەم لایەنەوە ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری بینیوە و چاوەڕوانیم لێتان کار و هەوڵی زیاتری بەردەوامە لەم بوارەدا، لەگەڵ بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی زیاتری بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی، لەپێناو ئایندەیەکی پرشنگدار و شکۆداردا بۆ گەل و نیشتیمان.

بە دڵنیاییەوە، ئێوە لە ئاستی ئەو چاوەڕوانیەدان و متمانەی تەواوم بە دڵسۆزی و توانا و لێهاتووییتان هەیە. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ یەکیتییە تێکۆشەرەکەتان دەخوازم.

بەرز و شکۆدار بێت یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدە نەمرەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
   ١٨/٢/٢٠٢٠