Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی ٦٧ ساڵەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان پیرۆز دەکات

هەولێر-KDP.info-  مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی (67)ەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەڕێزان/ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی لێژنەكانی راپەڕاندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان..

ئەمڕۆ(67)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستانە، یادی پڕشكۆی كاروانێكی دانەبڕاوە لە كار و چالاكی و كۆشش و كۆڵنەدان و رۆژی قوتابیانی کوردستانە، بەم بۆنەیەوە گەرمترین بیرۆزبایی لە ئێو و کادیر و ئەندامانی رێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و تێکڕای قوتابیانی کوردستان دەکەین و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان لە (18شوباتی1953) وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە رەوتی خەباتی گەلەکەمان و بزووتنەوەی قوتابیان، هەروەها وەک یەكەمین مینبەری كۆكەرەوە و رێكخەری توانای توێژی قوتابیانی کوردستان، هەمیشە بەبێ جیاوازی گوزارشتی لە خواست و ویستی پیشەییانە و مافەڕەواكانی قوتابیان كردووە.

یەكێتی قوتابیانی كوردستان، وەك پێویستیەكی مێژوویی توێژی قوتابیان بۆ هێنانەدی ئامانجەكانیان دامەزرا و، لەو کاروانە سەركەشەیدا و بە درێژایی مێژووی خەباتی نەپساوەیی و لە رەوتی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەماندا رۆڵێکی باڵا و بەرچاوی گێڕاوە و خاوەن بەرنامە و پلانی دەوڵەمەند و بەرهەمداری خۆی بووە و بە چرای زانست و پێشكەوتن مێژوویەكی شكۆمەندانەی بۆ خۆی و تەواوی توێژی قوتابیان تۆمار كردووە.

  دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، بە دەسكەوتێكی دیكەی گرنگ و بایەخداری بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەکەمان دادەنرێ، چونکە توێژی قوتابیان خاوەن سەنگ و هێز و توانایەكی لەبن نەهاتووی پێشكەوتن و شارستانیەتن و نەوە لەدوای نەوەش گەنجینەیەكی بەهاداری خەباتی گەلەكەمان بوون، لەو پێناوەشدا یەكێتـی قوتابیانی كوردستان هەرگیز لە تێكۆشان نەسرەوتووە و قوتابخانەی پێگەیاندنی دەیان سەركردە و كادیری لێوەشاوە و دڵسۆزی گەلەکەمان بووە.
  
رۆڵ و بایەخی گرنگی توێژی قوتابیان لە هەموو هەلومەرجێكدا هەستیار و چارەنووسسازە، ئەرکی یەکێتیەکەتانە هەوڵ و كۆششی زیاتر و بەرنامەكانی سەردەمیانەتر برەو پێبدا بۆ خزمەتگەیاندن بە داوا و خواست و ویستەكانی سەرجەم توێژی قوتابیان لەلایەك و بۆ پتەوكردن و قووڵكردنەوەی هەست و گیانی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەریی لەلایەكی دیكەوە.
   
لەم یادەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرممان، جارێكی دیكە پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ یەكێتەكەتان و كاروبەرنامەكانتان دووپات دەكەینەوە لە بەدیهێنانی دەسكەوتەكانتان، ئومێدەوارین هەردەم لەئاست چاوەڕوانی و گرنگیی ئەو ئەركە پیرۆزەتان دابن و مایەی متمانەی ئەو توێژە و پێشەنگی بزووتنەوەی پیشەوەرانەی قوتابیان بن بۆ بەرجەستەكردن و بەدەستهێنانی تەواوی مافەكانیان و خزمەتکردنی رەوتی زانست و رۆشنبیری و فێربوون.

سڵاو لە گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانەی لە رێگای سەروەری و سەرفرازی یەكێتیەكەتان و مافەڕەواكانی گەلەكەمان گیانیان بەخشی..

سڵاو لە(67)ساڵ تێکۆشان و خەباتی بەردەوام و نەپساوەی یەكێـتی قوتابیانی كوردستان..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
18/2/2020