Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی خەلیل: داعش لە مووسڵ مەترسیی جیددییان دروست كردووە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ گوتی، شانە نووستووەكانی داعش لەناو مووسڵ خۆیان رێكخستووەتەوە و مەترسیی جددییان بۆ سەر شارەكە دروست كردووە، بۆیە ئەگەر رێگرییان لێ نەكرێت، گورزی خۆیان دەوەشێنن.

عەلی خەلیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، شانەی نووستووی داعش لەناو شاری مووسڵ گەلێك زۆر بوونە و بەپێی زانیارییەكان باش خۆیان رێكخستووەتەوە و دەیانەوێت جارێكی دیكە خۆیان بەهێز بكەنەوە، بۆیە پێویستە هێزە ئەمنییەكانی مووسڵ هەماهەنگییەكی باشیان هەبێت و هەوڵ بدەن رێگرییان لێ بكەن، چونكە بوونەتە مەترسیی جددی بۆ سەر شارەكە".

عەلی خەلیل گوتیشی، ئەگەر هێزە ئەمنیەكان رێگری لەداعش نەكەن وشانە نوستووەكان لەناو نەبەن ئەوكات بەهێز دەبنەوە و گوزری خۆیان دەوەشێنن.

خەلیل باسی لەوەش كرد: "لەگەڵ هەموو لایەك قسەمان كردووە بە پارێزگاریشەوە، كە نابێت رێگە بدرێت خێزان و كەسوكاری داعش بگەڕێنەوە بۆ سنووری مووسڵ، چونكە ئەوانە زۆر مەترسیدارن و دۆخی ئەمنیی مووسڵ بە تەواوی تێكدەدەن".

 

بڵند ئیبراهیم