Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئاوارە مەسیحییەكان لە هەرێم بڕیاریان داوە نەگەڕێنەوە عێراق"

هەولێر-KDP.info- نوێنەری مەسیحییەكان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو مەسیحیانەی لە شارەكانی عێراقەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، بڕیاریان داوە نەگەڕێنەوە عێراق و بە یەكجاری لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە.

وەحیدە یاقۆ هورمز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەو مەسیحیانەی لە پارێزگاكانی عێراق بە تایبەت لە مووسڵەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، بڕیاریان داوە نەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و بە یەكجاری لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، چونكە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی لە عێراق ژیان بۆ ئەوان نەماوە و بەردەوام لە مەترسیدان".

هورمز گوتیشی، هەرێمی كوردستان، بە تایبەت سەرۆك بارزانی، ئامادەیی نیشان داوە هەموو هاوكارییەكیان بكرێت، بۆیە لە ئێستادا مەسیحییەكان تەنها لە هەرێمی كوردستان ماون، كە ژمارەیان دەگاتە 300هەزار كەس و لە عێراقیش مەگەر یەكێك وەزیفەیەكی هەبێت، ئەگەر نا هیچیان لەوێ نەماون و یان كۆچیان بۆ دەرەوە كردووە، یانیش هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان.

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لە كاتی هاتنی تیرۆریستانی داعش، ژمارەیەكی زۆری كچانی مەسیحی هاوشێوەی كوردانی ئێزدی كەوتنە دەستی داعش و ژمارەیەكیان ئازاد كران و ژمارەیەكیش تا ئێستا بێسەروشوێنن، بەڵام ئامارێكی دروستمان لا نییە بزانین ژمارەیان چەندە".

 

بڵند ئیبراهیم