Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فوئاد سدیق: ژمارەیەكی دیكەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی ماوەی چەند ساڵێك تۆماركردنی ناوی نوێی كەمئەندامان بۆ دامەزراندن راگیرابوو، جارێكی دیكە ناوتۆماركردن دەست پێدەكاتەوە، بۆ ئەوەی هەر كەسێك كەمئەندام بێت و مەرجەكانی تێدا بێت، دابمەزرێت و مووچەی بۆ ببڕدرێتەوە.

فوئاد سدیق، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی قەیرانی داراییەوە تۆماركردنی ناوی كەمئەندامی نوێ راگیرابوو، كە خەڵكێكی زۆری كەمئەندام هەیە و چاوەڕێ دەكەن مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە، كۆبوونەوەیەكیشمان ئەنجام داوە و تێیدا بڕیار دراوە كە ناوی نوێی كەمئەندامان تۆمار بكرێت بۆ ئەوەی دابمەزرێن و مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە".

سدیق گوتیشی، بەم زووانە دەست بە تۆماركردنی ناوی ئەو كەمئەندامانە دەكرێت، كە بە فیعلی كەمئەندامن، بۆ ئەوەی كاروباریان بۆ رایی بكرێت و مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە، لە ئێستاشدا ئەوانەی پێشووتر كە 100هەزار كەمئەندامن، هیچ كێشەیەكیان نەماوە و مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن.

 

بڵند ئیبراهیم