Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی تاوتوێ دەکات

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/2/12 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا ،کە سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی داواکاری گشتی ئامادەیبوون، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەیدا بە گرنگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 و گوتی ئەنجامدانی چاکسازی خواست و داوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنەکان بوو. بۆیە داوا لەپارت و لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم دوور لە موزایەدە و بە کردەوە، پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە. گوتیشی هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی دارایی وکارگێڕیدا کار لە سەر رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەوانەش داهاتی نەوت  وگاز دەکەین کە دەمانەوێت شەفاف و روون بێت ، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا ، ئەنجومەنی وەزیران ، وەزیرەکانی راسپارد کە لە ماوەی پازدە رۆژدا ، پێشنیارەکانی خۆیان بۆ رەشنووسی پەیڕەوی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادە بکەن و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەر لە کۆبوونەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی  كردەوە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.