Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

9 هەزار ئاوارەی مووسڵ گەڕاونەتەوە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان گوتی، سەرەڕای ئەوەی بەغدا بڕیاری داوە ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان لە ناوچە كوردستانییەكان، بەڵام بە هۆی خراپیی دۆخی ئەمنی و سەرهەڵدانەوەی داعشەوە، ئامادە نین بگەڕێنەوە، چونكە دۆخی ئەو ناوچانە زۆر خراپە.

هۆشەنگ محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، حكوومەتی عێراق بڕیاڕی داوە ئاوارەكان بگەڕێنەوە ناوچە كوردستانییەكان، بەڵام نەك هەر ناگەڕێنەوە، بگرە جارێكی دیكە ئاوارەی هەرێمی كوردستان دەبنەوە و تەنها ساڵی ڕابردووش 9هەزار ئاوارەی مووسڵ گەڕاونەتەوە بۆ كەمپەكانی هەرێمی كوردستان.

محەمەد گوتیشی، حكوومەتی عێراق هاوكارییەكانی لە ئاوارەكان راگرتووە و ساڵی ڕابردوو هەر بودجەی بۆ تەرخان نەكردبوون، هەروەها رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هاوكارییەكانیان بۆ نیوە كەم كردووەتەوە و تا ئێستا 800 هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق لە هەرێمی كوردستان ماون و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

 

بڵند ئیبراهیم