Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ یادى یۆبیلى زێڕینى یەکێتیى نووسەرانى کورد

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادى یۆبیلى زێڕێنى یەکێتیى نووسەرانى کورددا، پەیامێکى ئاراستەى ڕێوڕەسمى یادەکە کرد، ئەمە دەقەکەیەتى:

ئامادەبووانى بەڕێز،

ئاهەنگگێڕانی یادی یۆبیلی زێڕینی یەکێتیی نووسەرانی کورد..

سڵاوتان لێ بێت،

پیرۆزباییی ئەم بۆنە مێژوویییە لە ئێوەی بەڕێز و تەواوی نووسەران و ئەدیبانی کوردستان و دەستخۆشی لە ئامادەکارانی ئەم ڕێوڕەسمە دەکەم.

ئەم یادە، ڕێزگرتنە لە نیو سەدە خەباتی ڕێکخراوێکی سەنگین و بەهەڵوێست، ڕێزگرتنە لە قەڵەم و هزر و بەرهەم و بەخششی کاروانی پەنجا ساڵەی نووسەرانی کورد کە هەمیشە لە سەنگەری گەلەکەیاندا بوون و یەکێک لە مەتەرێزە خۆڕاگرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بوو، هەرواش دەمێنێتەوە.

یەکێتیی نووسەرانی کورد پەنجا ساڵ لەمەوبەر وەک دەستکەوتێکى شۆڕشی ئەیلوول و بەرهەمێکى ڕێکەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠ دامەزرا. دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە و کۆڕی زانیاریی کورد، بەڵگەیە کە شۆڕشی کوردستان تەنیا چاوی لە دەستکەوت و مافی سیاسی نەبوو، بەڵکو خزمەتکردن بە کولتوور و زمان و ئەدەب و داهێنان، هێندەی مافە سیاسییەکان بەلایه‌وە جێی بایەخ بووە.

یەکێتیی نووسەرانی کورد لە پەنجا ساڵەی تەمەنی خۆیدا، سەرباری خزمەتی ئەدەب و کولتوور، لە مەیدانی بەرگری و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییشدا، نموونەی خۆڕاگری و چاونەترسی و سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و سەرکوتکاریی ڕژێمە خۆسەپێنەکان بووە.

بەڕێزان..

باوەڕی تەواومان بەوەیە کە وشەی جوان، بیری جوان، مرۆڤی جوان، زادەی ژینگەیەکی ئازادن، هەموو هەوڵێکیشمان لە ڕابردوو و ئێستاشدا بۆ ڕەخساندنی ئەو ژینگەیەیە، چونکە ژینگەی دروستی نووسین و داهێنان، ئەوەیە کە تیایدا ئازادیی بیر و بۆچوون و ڕادەربڕین، بەهایەکى بەنرخ بێت، ژیان و جوانی ڕێزلێگیراو بن.

چاوەڕوانیی ئێمە لە نووسەرانمان، لە نێوخۆدا، بینینی ڕۆڵی کاریگەریانە لە پتەوکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و یەکسانى و خۆشویستنی ژینگە و کۆمەڵگە و نیشتمان.

نووسەران و ئەدیبان پرد و ڕایەڵەی پەیوەندیی نێوان گەلانی خۆیان و جیهانن، ئامادەییى هەر نووسەرێکی کورد لە کتێبخانەکانی دنیادا، ئامادەبوونی ناسنامە و مێژووی گەلێکە، بۆیە گرنگە نووسەرانمان هەوڵی جددی بدەن بۆ تێپەڕاندنی سنووری کوردستان و وەرگێڕانی بەرهەمەکانیان بۆ زمانە زیندووەکانی دنیا و نەخشاندنی جێدەستی کوردستان لە جیهانی داهێنان و جوانیدا.

لەم یادە پڕ شکۆیەدا، دروود بۆ گیانی پاکی ئەو نووسەرە شەهیدانەی لە سەنگەری بەرگرى و زیندانە تاریکەکاندا گیانی پاکیان بە خاک و گەل و وشە بەخشی. سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان. سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم ئەو نووسەرانەی ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گەشە و پێشکەوتنی گەلی کوردستان بەخشی.

ئەم یادە لە هەموو نووسەران و ئەدیبانی کوردستان پیرۆز بێت. هیواى بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و هەر شاد و سەرفراز بن.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

10/2/2020