Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێبوار هادی: لە ماوەی ٣٠ رۆژدا عەللاوی نەتوانێ كابینەكەی تەواو بكات، كەسێكی دیكە رادەسپێردرێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، بە پێی یاسا، ٣٠ رۆژ لە بەردەم كاندیدی راسپێردراو هەیە كابینەكەی پێك بێنێت، ئەگەر نەیتوانی ئەوا سەرۆككۆمار كەسێكی دیكە رادەسپێرێت.

رێبوار هادی، لە لێدوانێكیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بە گوێرەی ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراق، كەسێك رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، بەڵام بۆ كاندیدكردنی عەللاوی بە پێی دەستوور نەكرا، ئەویش بە هۆی بارودۆخی ئێستای عێراق.

سەرۆكی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران روونی كردەوە، بە پێی یاسا عەللاوی ٣٠ رۆژی لە بەردەمدایە هەتا كابینەكەی ئامادە بكات و بێنە ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیرەكانی دەنگیان لەسەر بدرێت، كە پێویستە ١٦٦ دەنگ بێنن، كە دەكاتە پەنجا كۆ یەك، هەروەها دەنگیش لەسەر بەرنامەی كابینەكەی بدرێت، كە بە نیازە لەو ماوەیەدا چی بكات.

رێبوار هادی ئاماژە بەوەش دەكات، ئەگەر بێت و لە نێوان ٢٢ وەزارەت ١٤ وەزارەتی كابینەی عەللاوی دەنگی پێویست بێنێت، ئەوا بە پێی یاسا كابینەكەی دروست دەبێت و كاری خۆی دەكات، لە بەرانبەریشدا ئەگەر نەیتوانی لە ماوەی ٣٠ رۆژدا كابینەكەی بێنێتە ئەنجوومەن، یا دەنگی پێویستی نەهێنا، ئەوا لە ماوەی ١٥ رۆژدا سەرۆككۆمار كەسێكی دیكە بۆ پێكهێنانی كابینەی راگوزەر رادەسپێرێت و، ناتواندرێ ماوەی دیكە بۆ عەللاوی درێژ بكرێتەوە.

شەوی شەممە رێككەوتی١ی ٢، سەرۆككۆمار، محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپارد كابینەی راگوزەر پێكبهێنێت، لە ئێستادا ناوبراو تەنیا ٢٠ رۆژی لە بەردەمدا ماوە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی.

 

خێڵان بەختیار