Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

موئەیەد تەیب: ئەمەریکا لە عێراق دەربچێت کۆتایی بە عێراق دێت

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، ھەزارەھا چەکداری بیانی لە عێراق ماون و لەنێو گرووپی تیرۆریستی داعشدا کار دەکەن، پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق پێی وایە، ھێشتا ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی داعش ماون و دەشڵێ، ئەمەریکا لە عێراق بچێتە دەرەوە کۆتایی بە عێراق دێت.

موئەیەد تەیب، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کاتی خۆی بۆ ڕیکلامی ھەڵبژاردن حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، پەلەی کرد لەوەی کۆتاییی شەڕی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، چونکە داعش کۆتاییی نەھاتووە و بەردەوامیشە، ھۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی داعش لە عێراقدا ھێشتا ماون و کۆتایییان نەھاتووە، تا عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە نەبینێ مەترسیی داعش ھەر دەمێنێت."

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دەڵێت: "حکوومەتەکانی پێشووی عێراق شکستیان ھێناوە و خەڵکی عێراق ناڕازین لە حکوومەت، چونکە ئەوە دەبینین لە ناوچەکانی باشوور شیعە خۆپێشاندان دژی دەسەڵاتدارانی عێراق دەکەن و لە ناوچەکانی سوننەمەزھەبیش خەڵکی سوننە حکوومەتی عێراق بە حکوومەتی خۆیان نازانن."

موئەیەد تەیب جەختی کردەوە: "ئاڵۆزییەکانی عێراق کاریگەرییان لەسەر جووڵەی داعش ھەیە، چونکە بوشاییی ئەمنی گەورە لە عێراق ھەیە و داعش بە دەرفەتی زانیوە خۆی بەھێز بکاتەوە، لە وڵاتێکدا سەقامیگری نەمێنێ، دەرفەت بە گرووپە تیرۆریستییەکان و دەستی دەرەکی دەدات، کاری خۆیان بکەن، باشبوونی ڕەوشی ئەمنی و کەمبوونەوەی مەترسییەکان داعش لە عێراق پەیوەستن بە سەقامگیریی پڕۆسەی سیاسیی عێراق."

لەبارەی بڕیاری دەرچوونی ھێزە بیانییەکان و کاریگەرییان لەسەر جووڵەی داعش تەیب گوتی: "ڕاستە ھەندێ ھێزی عێراقی داوای دەرچوونی ئەمەریکا و ھێزە بیانییەکان لە عێراق دەکەن، بەڵام پێم وایە ئەمەریکا ھێزەکانی لە عێراق بباتە دەرەوە، کۆتایی بە دەوڵەتی عێراق دێت، لەبەر ئەوەی ھیچ ھێزێک نییە بەرگری لە عێراق بکات."

قائید میرۆ