Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى ئەڵمانى کرد

هەولێر-KDP.info-  سەرۆک نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ ئەڵمانیا دووپات کردەوە کە بڕیارى داوە لە هاوکاریکردنى پێشمەرگە بە مەشق و ڕاهێنان بەردەوام بێت، هەروەها مانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش لە عێراق بە پێویست زانى.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 27/1/2020 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە بەڕێزان یۆرگن هارت و مارکۆس گڕۆبل، ئەندامانى پەرلەمانى ئەڵمانیا لە پارتى دیموکراتى مەسیحی (CDU) کرد.

لە دیدارێکدا کە به‌ڕێز کونسولی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەى بوو، پەرلەمانتارانى ئەڵمانى سوپاسى حکوومەت و گەلى کوردستانیان کرد بۆ حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى مەسیحییەکان، دووپاتیشیان کردەوە کە هەوڵ دەدەن وەک پێشتر ئەڵمانیا لە هاوکاریکردنى هەرێمى کوردستان بەردەوام بێت.

تاوتوێکردنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، دۆخى عێراق و سووریا و ناوچەکە بەگشتى، مەترسیى تیرۆر و پێویستیى عێراق بە مانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى تیرۆر، چەند تەورێکى دیکەى دیدارەکە بوون.