Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشوازیی لە ئەمنیداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کرد

سەلاحەدین -KDP.info- لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە مامۆستا سەلاحەدین بەھائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ سه‌لاحه‌دین، بەڕێز، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، پێشوازیی لە شاندی باڵای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مامۆستا سەلاحەدین بەھائەدین، ئەمینداری گشتی و د. ھادی عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و شاندی یاوەری کرد.

لەو دیدارەدا، کە ئازاد بەرواری و ھۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد و سەلاح دەلۆ و عزەدین بەرواری و جەعفەر ئێمینکی و ڕەمزی شەعبان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و عەلی حسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی نیشتمانی ئامادەی بوون، فازڵ میرانی وێڕای بەخێرھێنانی شاندی میوان، پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکگرتوو و ھەڵبژاردنەوەی دووبارەی بەرێز سەلاحەدین بەھادین بۆ ئەمینداری گشتی کرد و ھیوای خواست کە ببێتە فاکتەرێک بۆ بەھێزبوونی پەیوەندییەکان لە نێوان ھەردوولادا و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەم جۆرە دیدارانە کە زۆر گرنگە و بەتایبەت لەم کاتەدا کە کورد زۆر پێویستی پێی ھەیە و، جەختی لەوە کردەوە کە ھەمیشە کارکردن پێکەوە لەپێناو خەباتی سیاسی بۆ بەدیھێنانی ھەموو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان دەبێتە پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە لە ئاکامی یەکڕیزیی نێوانمان و ھێزە سیاسییەکان بەدەست ھاتوون و زۆر گرنگە بەردەوامی و ھەماھەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران و ھەروەھا ڕۆشنایی خرایە سەر ڕەوشی نالەباری عێراق و ئەو ھەڕەشە و ئەگەرانەی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان، کە جێگای نیگەرانین و جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە، کە ھەموو لایەک ھەوڵی جددی بدەن بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە و زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان فراکسیۆنەکانی کورد بە یەکگرتوویی ھەڵوێستیان ھەبووه‌ و بە یەکەوە کاریان کردووە.

سکرتێری مەکتەبی سیاسی ئاماژەی بەوە دا، کە چارەسەری ئەو قەیرانانەی ناوچەکە دووچاری ھاتووە، تەنھا لە ڕێگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و چڕکردنەوەی ھەوڵەکان لەپێناو ھێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیری بۆ بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە دەبێت.

دواتر فازڵ میرانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولای بە گرنگ وەسف کرد و زەروورەتی ھەبوونی ھەماھەنگی و پەیوەندیی باشی نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەکانی بە زەروور زانی، کە کاودانەکە وا دەخوازێت.

لەو دیدارەدا، مامۆستا سەلاحەدین بەھادین، بەناوی شاندەکەوە سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتیی کرد بۆ ئەم پێشوازییە و ھاوڕا بوو لەگەڵ قسەکانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆر گرنگە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام بێت، کە کاودانە ھەستیارەکە وا دەخوازێت و دۆخێکی نالەبارە و نیگەرانین لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و گرنگە ھەوڵی جددی بۆ ھێورکردنەوەی بارودۆخەکە بدرێت.

ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٦/١/٢٠٢٠