Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەردی: ئاستەنگ بۆ دادگای فیدڕاڵی پەیدا بووە

هەولێر-KDP.info- ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاندووە لەمەدوا کار بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی ناکرێت، بەھۆی نەبوونی دادوەری پێویست لە دادگاکە و پسپۆڕێکی یاساش دەڵێ، بەھۆی کەمیی دادوەرەوە دادگای فیدڕاڵی دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی بابەتە ھەستیارەکانی نییە.


حاکم تاریق گەردی، پسپۆری یاسا و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قازی فارووق، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دادگای فیدڕاڵی، بەھۆی تەمەنەوە خۆی خانەنشین کردووە و یاسای دادگای فیدڕاڵییش لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند نەکراوە، تا ئەوکاتەی پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵیش پەسەند نەکرێت، نابێ ئەندامانی دادگای فیدڕاڵی زیاد بکرێن."

ئەو پسپۆڕەی یاسا گوتیشی: "نەبوونی دادوەر کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەبێت، چونکە بەپێی دەستوور ھەر بابەتێکی ھەستیار ڕەوانەی دادگای فیدڕاڵی بکرێت، بۆ یەکلاکردنەوە پێویستی بە کۆدەنگیی دادوەرەکان ھەیە، دادگای باڵای فیدڕاڵی لە نۆ ئەندام پێک دێت، کەمبوونەوەی ئەندامێک ئاستەنگ بۆ بڕیارەکانی دادگا دروست دەکات."

گەردی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەندێ پرسی ھەستیار لە دادگا یەکلا ناکرێنەوە، تا یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی دەردەچێت، بەڵام بۆ ئەو پرسانەی زۆر ھەستیار نەبن، لیژنە لەنێو دادگای فیدڕاڵی هەن و دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی پرسەکانیان ھەیە."

قائید میرۆ