Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شەبەك لە بەردەم UNداوای جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن

هه‌ولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ، پێكهاتەی شەبەك لە سنووری دەشتی نەینەوا لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان گردبوونەوەیەك ئەنجام بدەن، نوێنەرێكی پێشووی كۆتای شەبەكیش، هۆكاری ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێ: "دەمانەوێت ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت و رێككەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا بكرێت بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە".

غەزوان داودی، نوێنەری پێشووی شەبەك لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بڕیارە ئەمڕۆ وەكو پێكهاتەی شەبەك لە بەردەم نەتەوەیەكگرتووەكان گردبووەیەك ئەنجام بدەین، چونكە ژمارەیەك داواكاریمان هەیە لەبارەی ناوچەكانمانەوە، بۆیە لە رێگای یاداشتێكەوە پێشكەش بە نەتەوەیەكگرتووەكانی دەكەین."‌

داودی گوتیشی: "ناوچەكانی دەشتی نەینەوا تاوەكو شنگال پشتگوێ خراون و لەلایەن حكوومەتی بەغداوە هیچ گرنگییەكیان پێ نادرێت، ئەو شوێنانە ناوچەی كوردستانین و دەمانەوێت پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 و نەتەوەیەكگرتووەكان فشار لەسەر حكوومەتی بەغدا دروست بكات، هەروەها رێككەوتن بكرێت بۆ ئیدارەی هاوبەش و، هێزەكانی پۆلیس و سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە، چونكە ئێمە هێزی پێشمەرگەمان هەیە لە پێكهاتەی شەبەك و ئێزدی و مەسیحی، بۆیە نابێت لایەنێكی تر دەستی بەسەردا بگرێت."

ئەو نوێنەرەی پێشووی شەبەك لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەشڵێ: "مەترسیی داعش لەسەر ناوچەكانمان ماوە و بۆشایی ئەمنی هەیە، بۆیە دەبێت هەماهەنگی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبێت بۆ پاراستنی ناوچەكانمان."

 

نەشوان بەرزنجی