Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ژیان مستەفا: لە دھۆک چاکسازیی لیستی شەھیدان دەستی پێ کردووە

دهۆک-KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ١٠ ھەزار شەھید و شەھیدی جینۆساید ھەن و بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدانی دھۆکیش دەڵێ، پڕۆسەی پاکسازی لە ناوی وارسی شەھیدان دەستی پێ کردووە.


ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر لە سەرەتای پێکھێنانی کابینەی حکوومەتەوە ئێمە وەک وەزارەتی کاروباری شەھیدان ڕاپۆرتێکی وردمان ئامادە کردووە و پێشنیاری ھەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان لەبەرچاو گیراوە، ژمارەیەک خاڵ لەبەرچاو گیراون، لەوانە ھەموو وارسێکی شەھید کۆدی بایۆمەتریی ھەبێت و نابێت وەزارەتی شەھیدان لە کاتی گواستنەوەی لیستی شەھیدان بۆ سەر میلاکی بەغدا یەکسەر بە بەغداوە ببەسترێتەوە، چونکە ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی ھەیە."

بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدانی پارێزگای دھۆک دەڵێت: "یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان ئەوەیە لیسی شەھیدان و شەھیدانی جینۆساید یەک بخرێت و ڕێگە نادرێت ھیچ شەھیدێک لە ھیچ شوێنێک لە دوو مووچە سوودمەند بێت، واتە لە دوو شوێن مووچە وەربگرێت."

مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا پڕۆسەیەکی گرینگ دەستی پێ کردووە، ئەویش پێداچوونەوە و چاکسازی لە لیستی ناوی شەھیدانە، ھەموو ئەوانەی شەھیدی ڕاستەقینەن، جیا دەکرێنەوە، بۆ نموونە، کەس ھەیە لەوانەیە خەباتێکی زۆری کردبێت و ساڵانێکی زۆریش پێشمەرگە بووبێت، بەڵام لە ماڵی خۆی کۆچی دواییی کردبێت، ئەرکی حکوومەتە مووچەیەکی شایستەی بەرامبەر بە خەباتی بۆ خەرج بکات، بەڵام لەناو لیستی شەھیدان نەبێت."

ژیان مستەفا ڕوونی کردەوە: "ئێمە لە سنووری دھۆک ئێستا پاکسازی لە لیستی وارسی شەھیداندا دەکەین، تا بزانین چەند وارس ھەن و چەندیان لە ژیاندا ماون، تا ڕێک بخرێنەوە و بەپێی سیستەمی نوێی چاکسازی ئامادەکاری بۆ پاکسازی بکرێت، کە دڵنیاین ھەنگاوێکی باش دەبێت، تا لە دوای پڕۆسەکە خزمەتی زیاتریش بە کەسوکاری سەربلندی شەھیدان بکەین."

قائید میرۆ