Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا تارق: ڕەوشی ئەمنیی دھۆک ئارامە و ژمارەیەک تۆمەتباری کوشتن دەستگیر کراون

دهۆک-KDP.info- تەنیا لە ماوەی یەک حەفتەدا لە سنووری پارێزگای دھۆک شەش ڕووداوی کوشتن تۆمار کراون. بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دھۆکیش ھاووڵاتیان لە پاراستنی گیان و ماڵیان دڵنیا دەکاتەوە و دەشڵێ، سبەی وردەکاریی ھەر شەش ڕووداوەکە ئاشکرا دەکەن.

لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕۆژانی ڕابردوو شەش ڕووداوی کوشتن لە سنووری پارێزگای دھۆک تۆمار کراون، کە زۆربەیان لە قەزای زاخۆ بوون، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و گەیشتووینەتە ئەنجامی باش دەربارەی ڕووداوەکانی کوشتن لە دھۆک."

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دھۆک دەڵێت: "ڕووداوەکان ھیچ شتێکی شارەوەیان تێدا نییە، بەڵکۆ ھەر شەش ڕووداوەکە کوشتن، یان کێشەی کەسی بووە، یانیش کۆمەڵایەتی، ژمارەیەک تۆمەتبار لە لایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کراون، تەنیا ئەوەی ڕووداوی کوشتنی دوو براکەی زاخۆ ماوە و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین."

لیوا تارق ئەحمەد جەختی کردەوە: "ڕەوشی ئەمنیی سنووری پارێزگای دھۆک ئارامە و ھیچ ئاڵۆزی و پشێویەک نییە، لەبەر ئەوەش، ھاووڵاتیانی دھۆک دڵنیا دەکەینەوە ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بەردەوام لە ئەرکدان بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان و ھەر کەسێکیش دەستی لە تاواندا ھەبێت ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە."

قائید میرۆ