Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"نەتەوە یەكگرتووەكان لە كەمبوونەوەی هاوكارانی مرۆیی لە عێراق نیگەرانە"

بەغدا-KDP.info- بەڕێز خاتوو مارتا ڕویداس، هەماهەنگیكاری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند، نەتەوە یەكگرتووەكان زۆر نیگەرانە لە بارەی كاریگەریی ڕێگرییە ڕۆتینییەكان كە دەبنە هۆی كەمبوونەوەی دەستگەیشتنی هاوكارانی مرۆیی بە ٢.٤ملیۆن عێراقی، كە پێویستیان بە هاوكارییە.

ناوبراو ئەمڕۆ نیگەرانیی خۆیانی دەربڕی سەبارەت بە هەڵپەساردنی پێدانی نووسراوەكانی چوونەژوورەوە بۆ هاوكارانی مرۆیی كە كاروانە زۆر گرنگەكان جێبەجێ دەكەن لە هاوكاریكردنی ئەو عێراقیانەی كە پێویستیان بە هاوكارییە.

ئەم ڕێگەپێدانانە لە ماوەی پێشووتر هەر ٣٠ ڕۆژ جارێك لەلایەن حكوومەتەوە درابوو، هەرچەندە لەو كاتەوەی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ـوە گەیاندنی كۆمەك لە سەرانسەری عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو هێواش بووەتەوە، بە هۆی بەردەوامنەبوون لەسەر ڕێوشوێنەكانی چوونەژوورەوە كە پێشووتر ڕێككەوتنیان لەسەر كرابوو و نەبوونی میكانیزمەكانی جێگرەوە بۆ ئەمە، بۆیە تا هاوكاران ڕێگەیان پێ نەدرێت دەستبەجێ دەست بە جووڵانەوەكانیان بكەن بە بێ ڕێگربوون لە كارمەندانیان و كۆمەكییەكانیان، ئۆپەراسیۆنە مرۆییەكان لە ناو عێراق لەوانەیە بە تەواوی ڕاوەستن لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا، بە سەدان و هەزاران كەسیش لە سەرانسەری ئەو شوێنانەی كە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە بە هۆی ململانێوە دووچاری بەردەوامی نەبوونی خۆراك و دەرمان و ماددەكانی وەرزی زستانە دەبنەوە لە ماوەی ئەم ساڵی مانگە ساردەكاندا.

خاتوو ڕویداس گوتی: "ئۆپەراسیۆنەكانی ئێمە لە مەترسیدان، بەبێ هەبوونی ڕێگەپێدانی چوونەژوورەوەی پێشبینیكراو و بەردەوام، كۆمەكی مرۆیی لە مەترسیدایە لە بەسەرچوونی ڕێككەوتیان لە كۆگاكان، كە ئەمەش ژیانی خەڵك دەخاتە مەترسییەوە و بەفیڕۆدانی ئەو پاڵپشتییە داراییانەیە كە زۆر پێویستن".

بەر لەو بارودۆخەی ئێستا، كۆمەڵگای مرۆیی لە ناو عێراق بۆ ماوەیەكی درێژ بەڕێوە چووبوو لە ڕێگەی ئەو میكانیزمەی چوونەژوورەوە كە ڕێككەوتنی لەسەر كرابوو كە لە ڕێگەیەوە ڕێكخراوە كۆمەكییەكان نووسراوی مانگانەیان پێدەدرا كە ڕێگەی پێ دەدان لە خاڵەكانی پشكنین تێپەڕ بن بەبێ دەستوەردان لەلایەن هاوكارانی ئەمنییەوە، نووسراوەكان بە ڕێكخراوەكان دەدران لە دوای پڕكردنەوەی فۆڕمێكی تێروتەسەل و پڕۆسەی پشكنین، كە بە تەواوی پێیەوە پابەند بوون لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوكاران لە ڕێكخراوی ناحكومی لە ناو عێراق. هەروەك لە هەفتەی یەكەمی مانگی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠، نووسراوەكانی چوونەژوورەوە بۆ زۆربەی هاوكارانی مرۆیی بەسەر چووبوون و هیچ ڕێگەپێدانێكی تازەیان بۆ دەرنەچووبوو.

جێی باسە، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩، كۆمەڵگای مرۆیی لە ناو عێراق بە بڕی ٧٠٠ $ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی كارەكانی بە ئەنجام گەیاندووە و پلانی ڕێك خستووە كە ئامانجی بریتی بوو لە هاوكاریكردنی ١،٧٥ ملیۆن ئاوارە، ئاوارەی گەڕاوە و كۆمەڵگا خانەخوێیە هەژارەكان كە پێویستیان بە هاوكارییە. هەروەها زیاتر لە ١٠٠ هاوكاریی مرۆیی ئۆپەراسیۆنەكانیان لە زیاتر لە ١٣٠٠ شوێن ئەنجام دا لە سەرانسەری باكوور و ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی كوردستان.

هەروەك لە ڕۆژی ٣١ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٩، پلانەكە ٩٢ لەسەدای ئەو پاڵپشتییە داراییەی كە داوای كردبوو وەریگرت، كە ئەمەش ئاماژەیە بەوەی كە هاوكاریی كۆمەكبەخشی بەهێز و متمانەپێكراو هەیە، كە دەستی گەیشتووە بە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس كە بە ئامانج كراون لە پلانەكەدا، لە ساڵی ٢٠٢٠ـیش كۆمەڵگای مرۆیی داوای ٥٢٠ $ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی دەكات بۆ بەردەوامبوون لە كاری زۆر پێویست و گرنگ.

 خاتوو ڕویداس هەروەها ئاماژەی دا: "ئێمە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین كە بەرچاوڕوونی بدا لەسەر ڕێوشوێنەكان بۆ دەستكەوتنی ڕێگەپێدانەكانی چوونەژوورەوە بۆ ڕێكخراوە مرۆییەكان و ڕێگەمان پێ بدات تاكو دووبارە دەست بكەینەوە بە گەیاندنی كۆمەك بە شێوەیەكی كاریگەر و كارامە بۆ خەڵكی عێراق."