Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چڕبوونەوەی ھەنگاوەكان بە ئاراستەی كوردستانێكی بەھێز

محەمەد عەلی

دروشمی سەرەكیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆتا ھەڵبژاردندا، بریتی بوو لە كوردستانێكی بەھێز، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە كوردستان تازە بەتازە لە شۆكی پیلانی لەنێوبردنی ھەرێم لە شازدەی ئۆكتۆبەردا دەردەچوو، ھاوكات قەیرانی دارایی ھێشتا كاریگەریی ھەر مابوو، بۆیە زۆرێك ھەبوون بەرزكردنەوەی ئەم دروشمەیان بە ناواقیعی ھەژمار دەكرد، بەڵام لە ئێستادا بە كردار و بە بەرچاوی ھەموو لایەكەوە پێگەی كوردستان زۆر لە جاران بەھێزتر بووە.

لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، كوردستان كرانەوە و گەشانەوەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە لەسەر ھەردوو ئاستی جیھانی و ھەرێمی، بە شێوەیەك لە ماوەی ڕابردوودا وەزیرانی دەرەوەی (ڕووسیا و قەتەر) بۆ یەكەمجار سەردانی كوردستانیان كرد، لەلایەكی ترەوە كاتێك سەدای پێكدادانی سەربازیی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ناوچەكەدا بەرز دەبوویەوە و گرژییەكانی بەغدا گەیشتە ئاستێك مەترسی لەسەر باڵیۆزخانەی وڵاتان دروست كرد، زۆرینەیان كارمەندانیان گواستەوە بۆ ھەولێر، ئەمەش بە واتای باوەڕبوونی وڵاتان دێت بە توانای حكومەتی ھەرێم لە بەرامبەر بێئومێدبوونیان لە دەسەڵاتدارانی بەغدا، لە پێش ھەموویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گشت كاروبارەكانی لە ڕووی دیپلۆماسی و سەربازییەوە لە ھەلێرەوە ئاراستە دەكات.

تایبەت بە پەیوەندیی نێوان بەغدا و ھەرێم، كابینەی نۆیەم تایبەت بە پرسی بودجە و كێشە ھەڵپەسێردراوەكان توانی بگاتە جۆرێك لە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا، ئەگەرچی واژۆ نەكرا، بەڵام كاریگەریی ڕاستەوخۆی ھەبوو لەسەر دڵنیاكردنەوەی خەڵكی كوردستان و مسۆگەركردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەمە لە كاتێكدایە دروستكردنی كەشێكی ئارام لە پەیوەندییەكانی ھەردوولا، بوار بۆ ھەرێم دەڕەخسێنێت بۆ گەشەسەندنی زیاتر  لە ڕووی ئابووری و ئاوەدانییەوە، ھاوكات یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕاكێشانی سەرنجی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ ئەوەی ڕوو لە كوردستان بكەن بە مەبەستی وەبەرھێنانی زیاتر.

لە ڕابردوودا و بە درێژایی ماوەی حكومڕانیی كوردی لە باشوور، گەندەڵی و نایەكسانی سیمایەكی نەشاز بووە بەرۆكی گرتووە، بەڵام خاڵی ھەرە سەرەكی  لە بەرنامەی كاری سەرۆكوەزیران بریتی بوو لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێكردنی پرەنسیپی یەكسانی لە نێوان ھاوولاتیاندا، ھەنگاوەكانی كابینەی نۆیەم بە ئاراستەی نەھێشتنی ئەم دیاردەیە ڕوونە، ھاوكات تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی بە ھەماھەنگیی ھەرسێ ھێزە سەرەكییەكە بە مانای ئەوە دێت كە حكومەتی ھەرێم بەرەو ئاراستە دروستەكە هەنگاو دەنێت، بە جۆرێك بەدیھێنانی یەكسانیی كۆمەڵایەتی، ڕۆڵی كاریگەر دەبینێت لە ئاشتكردنەوەی نێوان حكومەت و جەماوەر.

لەسەر ئاستی ناوخۆییدا جۆرێك لە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی ھاتۆتە كایەوە، كە ھاوكار بووە لە نزیككردنەووەی ھێزە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان، ئەمەش لە یەكھەڵوێستیی كوتلە كوردییەكان لە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ڕوونی دەركەوت، لەم بارەیەوە ناكرێ ھەوڵەكانی سەرۆكی ھەرێم نادیدە بگیرێت لە كۆكردنەوە و دروستكردنی یەكھەڵوێستیی نێوان ھێزە سیاسییەكانی كوردستان، بە جۆرێك پێگەی ھەرێمی بەرامبەر بەغدا بەھێز كردووە و كوردستانیشی وەك دوورگەیەكی ئارام لێ كردووە كە ببێتە جێگەی سەرنجی وڵاتان و وەك نموونەیەكی سەركەوتوو چاوی لێ بكەن.و چاوەڕوانیی ئەوەیان لە ھەرێم ھەبێت ڕۆڵ بگێڕێت لە ھێوركردنەوەی بارگرژییەكان.