Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە

عارف ڕوشدی

چاکسازی پروسەیەکی بەردەوامە، وەک هەموو کردەیەکی دیکەی سیاسی، کومەڵایەتی و ئابووری، پێویستی بە پلان و یاسا و رێوشوێنی جێبەجێکردن هەیە، پروژەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم روژانەدا وەکو یاسا لە پارلەمانی کوردستان پەسندکرا و، هەنگاوێکی ئەرێنییە، وادەخوازێ لە بواری جێبەجێکاری دا کەمتەرخەمی نەکرێت و وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ناکرێت لە بەر هەندێ تێبینی و ڕەخنە گرفتی بۆ دروستبکرێت، بە تایبەتی کە بریارە دوابەدوای ئەم یاسایە حکوومەت پرۆژەیاسای یەکخستنەوە و پێداچونەوەی یاسا بەرکارەکانی خانەنشینی، وەک بەشێکی دیکەی پرۆسەی چاکسازی پێشکەش بە پارلەمانی کوردستان بکات. شان بەشانی ئەم هەنگاوانە، زۆر گرنگە پرۆژەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، کە ماوەیەکە بە هاوکاریی هاوپەیمانان کاری لە سەردەکرێت، یەکخستنەوەی هێز و دامەزراوە ئاسایشییەکانی هەرێمیش چیتر دوانەخرێت، چونکە وەک راستییەکی زانراو( پەرتەوازەیی و فرە هێزی چەکدار و ئەمنی ) لە هەر ولاتێکدا بوونی هەبێت کێشە و گرفتی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت. دڵنیام کابینەی نوێی حکوومەت، وەک تەواوکەری هەنگاوەکانی کابینەی پێشوو، زێدەباری دارشتنی پلانی دیکەی خۆی، شێلگیرانە بەردەوام دەبێت لە بواری پیاده‌کردنی خواستی چاکسازی بە هەموو رەهەندەکانییەوە، چاکسازی تەنها لە پێناوی ویستێکی سیاسیدا قەتیس ناکرێت وەک هەندێ ناوەند بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ویستێکی بنەرەتی و نەگۆڕى سەقامگیری و فەراهەمکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسییە. ئەگەر هەر کەم و کوریێکیش هەبێت لە چوارچێوەیەکی ئاساییدا ببینرێت، چونکە یاساکان شێوازی کۆتایی و لێبراوانەیان نییە تەنانەت (دەستووریش) لەو جوغزه‌دایە و بە پێی پێویست لە داهاتوودا پێداچوونەوە و خوێندنەوەی هێمنانەی بۆ دەکرێت. بۆیە، ناکرێت وا دابنێین ئەم یاسایە کۆتایی پرۆسەکەیە، بەڵکو بێ یەک و دوو، لێکدانەوە و هەنگاوی زیاتری دەوێت لە پێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی چاکسازی لە هەموو بوارەکاندا. هەر بۆ زانیاری، لە هەموو ئەو ولاتانەی ویستی پێشکەوتن و بەرقەرارکردنی دادپەروەرییان هەیە، بەردەوام پێداچوونەوە بۆ یاساکانیان دەکەن، لەوانەش گرفتی چاکسازی.