Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"دامەزراندنی کارگە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە"

هەولێر-KDP.info -ژمارەی ئەو کارگانەی داوای مۆڵەتیان کردووە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و  پیشەسازی پێی وایە، زیادبوونی ژمارەی کارگەکان پەیوەندیی بە گەشەی ئابووریی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.

فەتحی محەمەد عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای نەمانی قەیرانی دارایی، کەرتی پیشەسازی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و ساڵی ڕابردوو بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨  بە ڕێژەی ١٠% مۆڵەتی دامەزراندنی کارگە زیادی کردووە و، ڕۆژانە بازرگانان بۆ کردنەوەی کارگە سەردانی وەزارەت دەکەن."

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گوتیشی: "ھەموو ئەو کارگانەی مۆڵەتیان پێ دەدرێت لە لایەن شارەوانییەوە زەوییان بۆ دابین دەکرێت و لە کاتی دەستبەکارنەبوونیاندا زەوییەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە، پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ ڕەوشەکە لە ساڵی ڕابردوو باشتر بێت."

lلەبارەی دروستکردنی کارگەی گەورە و بڕاندی جیھانییەوە، فەتحی محەمەد عەلی جەختی کردەوە: "بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی گشتیی وەبەرھێنان مۆڵەت بە دامەزراندنی کارگە گەورەکان دەدرێت، چونکە کارگەی گەورە پێویستی بە سەرمایەکی زۆر و ڕێکاری پێویست ھەیە."

قائید میرۆ