Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سیوەیلی: سیاسەتی ئێمە زۆر روونە.. ھەڕەشەی داعش لەسەر عێراق ھەر ماوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی رایدەگەیەنێت، دۆخی عێراق نائاساییە و پێویستی بە ھاوكاریی نێودەوڵەتی ھەیە. دەشڵێ،‌ سەرۆك بارزانی چەندین جار ھۆشداریی داوەتە حكوومەتی عێراق. ھاوكات پێشی وایە، دەبووایە دەرفەتی زیاتر بە عادل عەبدولمەھدی بدرابایە.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "بەداخەوە ماوەی سێ مانگ زیاترە دۆخی عێراق نائاساییە بە تایبەت لەو كاتەوەی كە خۆپێشاندانەكان بەغدا و شارەكانی تری عێراقی گرتووەتەوە، كە كێشەكان زیاتر قووڵ بوونەوەتەوە بە ھۆی ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران.

ھاوكات ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بە بڕیارێكی نادەستووری دەزانێت و پێی وایە، دۆخێكی وای دروست كردووە كە لە خزمەتی بەرژەوەندیی عێراقدا نەبێت، وەك خۆی دەڵێت،‌ لەم بارودۆخەدا عێراق پێویستی بە ھاوكاریی نێودەوڵەتی ھەیە، بە تایبەت كە ھەڕەشەی داعش لەسەر عێراق ھەر ماوە.

ئەو كێشانەی كە ئێستا لە عێراق رووویان داوە یاخود بە تایبەتی ھۆكاری ئەو خۆپێشاندانانە، بە بڕوای سیوەیلی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـوە نەیانتوانیوە وەكو پێویست وڵات بەڕێوە ببەن، ھەروەھا داخوازیی خۆپێشاندەرانیش ئەوەیە كە حكوومەتێكی وا دروست بكرێت كە وەڵامی داخوازییەكانی ھاووڵاتیان بداتەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی رایدەگەیەنێت، كە سەرۆك بارزانی چەندین جار ئەو ھۆشدارییەی داوەتە حكوومەتی عێراق و تەنانەت كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش، كە ئەگەر عێراق بەو شێوە بڕوات، كارەساتی گەورەی لێ دروست دەبێـت. ھاوكات كێشە و ململانێكانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بە تایبەت لایەنە شیعەكان دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە.

سیوەیلی باوەڕی وایە، دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران كارێكی خراپ بوو، چونكە عادل عەبدولمەھدی تا رادەیەك و بەراورد بە سەرۆكوەزیرەكانی تر، تێگەیشتنێكی گشتیی بۆ كێشەكان ھەبوو، بە تایبەت پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا بەرەو باشتر ھەنگاوی نابوو.

ناوبراو پێیشی وایە، دەبووایە دەرفەتی زیاتر بە عادل عەبدولمەھدی بدرابایە، چونكە بەو ماوە كەمەی دەسەڵاتی، نەدەتوانرا كێشەكان وا زوو چارەسەر بكات،‌ ھاوكاتیش شوێنگرتنەوەی كارێكی زەحمەتە.

پەیوەست بە سیاسەتی ھەرێمی كوردستانیش، هۆشیار سیوەیلی دەڵێ، سیاسەتی ئێمە زۆر روونە،‌ ئێمە ھەوڵ دەدەین لەو نێوەندەدا بێلایەن بین، ھاوكات سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان روونیان كردووەتەوە كە بێلایەن دەبین و بەرژەوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان دەپارێزین، ئەگەر بۆشمان بكرێت حەز دەكەین رۆڵێكی ئەرێنی لە ھێوركردنەوەی ئەو كێشانەدا بگێڕین كە بەرۆكی عێراقیان گرتووە.

ناوبراو جەختیش دەكاتەوە، ھەوڵەكان بە یەكگرتوویی و تەبایی لە نێوان لایەنە كوردستانییەكان بەردەوامن و لە پەرلەمانی عێراق بڕیارێكی یەكگرتوومان ھەبوو له‌ هه‌رێمیش كۆبوونەوەی ھەرسێ سەرۆكایەتی و لایەنە سیاسییەكان، دەرخەری ئەوەیە كە كۆدەنگی و تەبایی لە نێو لایەنە كورستانییەكاندا ھەیە، ھەروەھا پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ دەرەوە ھەمیشە بەھێز بوون و بەرپرسە باڵاكانی وڵاتان بە تایبەت ئەمەریكا، سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە، یاخود لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمدا ھەبووە.‌

 

ھەڵكەوت محەمەد