Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گرانبوونی هێلكە و مریشك پەیوەندی بە بارگرژییەكانه‌وه‌ نییە

هەولێر-KP.info- ماوەیەكە نرخی هێلكە و مریشك لە بازاڕەكانی كوردستان و عێراق بەرز بووەتەوە، خەڵكیش وای لێكدەدەنەوە كە پەیوەندی بە بارگرژییەكانی ناوچەكەوە هەبێ، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم دەڵێت، گرانبوونی نرخی هێلكە و مریشك، پەیوەندی بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوە هەیە نەك بارگرژییەكانی ناوچه‌كه‌.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گرانبوونی مریشك و هێلكە لە هەرێمی كوردستان، پەیوەندی بە كێشە و بارگرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا نییە لە نێو خاكی عێراق، بەڵكو هۆكارەكە كەمیی هاتنی مریشك و هەروەها كەمیی بەرهەم و زۆریی داواكارییەكان لە نێو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانە، بۆیە بە هۆكاری تەندروستی و بوونی پەتا و ئەنفلۆنزا لە كوردستان، زۆربەی ئەم كێڵگە پەلەوەریانەی مریشك بەرهەم دەهێنن، ئیستا داخراون و مریشكی زیندوو بەرهەم ناهێنن، تەنیا چەند دەواجینێك نەبێت كە مەرجەكانی تەندروستییان تەواو و دروستە، بۆیە هەركات لە بازاڕدا مریشك كەم بوو، نرخی زیاد دەكات".

ئەدهەم گوتیشی: "گرانبوونی هێلكە و مریشكی بەستوو بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوە هەیە، چونكە مریشكی بەستوو ڕاگیراوە و هاوردەی عێراق و هەرێمی كوردستان ناكرێت، كە زیاتر داواكارن لەوانەی خاوەنی دەواجینەكانن بەرهەمی خۆماڵی و ناخۆ زیاتر بكەن و لە دەرەوە هاوردە نەكرێت، چونكە بەپێی لێكۆڵینەوەی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و عێراق، بەرهەمی ناوخۆ بەسە و پێویست بە هاوردەكردنی ناكات، كە لە دەرەوەش نەهات، وادەكات نرخ بەرز ببێتەوە، ڕونیشی كردەوە: "‌هاووڵاتیانی كوردستان زیاتر ڕوویان لە هێلكەی توركییە، هەر ئەوەش وای كردووە كە لەسەر سنوورەكان و ئەو مەرزانەی نافەرمین، هێلكە و مریشكی بەسەرچوو لە بازاڕەكانی كوردستان ساغ بكەنەوە، چونكە هێلكە ڕێكەوتی مانگێكی هەیە و دواتر بەسەر دەچێت، بۆیە تاوەكوو لە توركیاوە دەچێتە ئێران و دواتر بۆ عێراق و تا دەگاتە كوردستان، بەسەر دەچێت چونكە لە مانگێك زیاتری پێدەچێت، كەچی بە نایاسایی ساغی دەكەنەوە، بەڵام ئیستا ئەم حاڵەتە كۆنـتڕۆڵ كراوە، بۆیە هێلكە نرخی گران بووە و كەمیش بووە، ئەوەش هۆكارەكەیە كە حكوومەتی عێراق هاوردەكردنی ڕاگرتووە‌."

 

فایزە كۆیی