Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ نرخی غاز ئاسایی دەبێتەوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری كارگەی غازی هەولێر گوتی، بە هۆی گۆڕانكاری لە كۆمپانیای دابینكردنی غاز، هەندێك گرفتی كەمی غاز دروست ببوو، بەڵام لە ئێستادا كێشەكە چارە كراوە و ئەمڕۆ نرخی غاز ئاسایی دەبێتەوە.

بەختیار عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "هەموو ساڵێك لە كۆتایی ساڵدا كۆمپانیای دانەغاز گرێبەستی نوێ دەكاتەوە و پێش كۆتایی ساڵ غاز بە ئێمە دەفرۆشێت، ئەمساڵیش پێش كۆتایی ساڵ گرێبەستەكە تازە كرایەوە و درا بە كۆمپانیایەكی دیكە، بەڵام تاوەكو ئێستا دەوروتەسلیم نەكراوە، بۆیە ئەو بەشەی ئێمە پێویستمانە، بە دەستمان ناگات، هەر بۆیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان سەرقاڵی چارەكردنی ئەو گرفتەن".

عەبدوڵڵا گوتیشی: "بە هۆی ئەو گرفتەوە، نرخی غاز هەندێك گران بوو، چونكە لە سلێمانی بە نرخێكی گرانتر و رێژەیەكی كەمتر دەدرایە كارگە ئەهلییەكان، بۆیە داوامان لێ كردن لە سەرچاوەی دیكە پەیدای بكەن لە دەرەوەی وڵات، بۆیە توانرا كێشەكە چارەسەر بكرێت و ئەمڕۆ نرخی غاز ئاسایی دەبێتەوە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "كارگەی غاز لە سلێمانی هەم غازی كەم بە ئێمە دەدا و هەمیش بە گرانی دەیداینێ، بۆیە پێویستە بازاڕ قۆرغ نەكرێت و ناكرێت بەو شێوەیە بێت و دەبێ چاودێری بكرێن، چونكە شتێك نییە بە ناوی غازی بازرگانییەوە و هەر كەسێك غاز بە گرانی بفرۆشێت، رێگریی لێ دەكرێت".

دەشڵێ، ئەوەی جێگەی دەستخۆشی و خۆشحاڵییە، ئەمڕۆ كێشەكە چارەسەر بووە، چونكە هیچ سكاڵایەكمان بە دەست نەگەیشتووە وەكو رۆژانی ڕابردوو.

 

بڵند ئیبراهیم