Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك دەكات

هەولێر-KDP.info-  ڕۆژی پێنجشەممە 9ـی 1ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەیڤید شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیف فەگین كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و چەند ڕاوێژكارێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا دوایین پێشهاتەكانی عێراق و گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە تاوتوێ كرا. یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی پابەندە بە عێراق و هەرێمی كوردستان و خوازیاری ئەوەیە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بكەوێتە سەر ڕێگەیەكی دروست و سەقامگیری بگەڕێتەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر ڕۆڵی گرنگی هاوپەیمانان لە یەكلاییكردنەوەی شەڕی تیرۆر و، هۆشداریی ئەوەیشی دا كە نەمانی هێزی هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا دەبێتە هۆی ئەوەی كە جارێكی تر تیرۆر لەژێر ناوی جۆراوجۆر بەهێز ببێتەوە.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و هەنگاو و ڕێگەچارەكان بۆ چاككردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەجێگەیاندنی داواكارییەكانی خۆپێشاندەرانی پارێزگاكانی ناوەند و باشووری عێراق تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.