Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رۆژبەیانی: بڕیاری ھاوپەیمانان مەترسیی بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان دەبێت

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بڕیاری دا ھەماھەنگی و ھاوكارییەكانی لە عێراق رابگرێت، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ھۆشداری دەدات لە دروستبوونی مەترسی بۆ سەر ئەو ناوچانە و دەشڵێ، ھاوپەیمانان نەبن، مەترسی بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان ھەیە.

جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارەكەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، كاریگەری لەسەر رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە لە ئێستادا ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا نییە بۆ ئەوەی بەرگری بكات و بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش ببێتەوە، بۆیە بڕیارەكەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش، ھێندەی دیكە مەترسییەكان زیاتر دەكات".

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان دەشڵێت: "ئەگەر لە ھەندێ ناوچە ھاوپەیمانان بوردوومانەكانیان رابگرن و پێشمەرگەشیان تێدا نەبێت، مەیدانەكە بۆ چەكدارانی داعش دەمێنێتەوە، ھێزە عێراقیەكانیش توانای بەرگرییان نییە لەو ناوچانە و سەرئەنجام داعش لەو سنوورانە گەشەی زیاتر دەكات".

رۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "عێراق خۆی كەوتووەتە رەوشێكی ئاڵۆزەوە و بەشێك لەو ناوچە كوردستانیانەش لە ڕووی ئیدارییەوە كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدڕاڵ و بەداخەوە گرینگییان پێ نەدراوە پێشووتر، بۆیە ئەوەشی ھەیە لە دەست دەچێت و پێشبینیی رەوشێكی خراپ دەكەین بۆ ئەو ناوچانە".

 

قائید میرۆ