Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگه‌یه‌نراوى كۆبوونه‌وه‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان

هه‌ولێر-KDP.info- له‌ چوارچێوه‌ى كۆبوونه‌وه‌ ده‌ورییه‌كانى خۆیدا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8/1/2020 هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا پێشهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ خرانه‌ به‌ر باس و هه‌ڵسه‌نگاندنى ورد بۆ ڕووداوه‌كان و هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستان كرا. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تى، نیگه‌رانیى قووڵى خۆیان بۆ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى ڕووداوه‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌ربڕى له‌ كاتێكدا كه‌ مه‌ترسیى تیرۆر فراوانتر بووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌قینه‌ى بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، عێراق و ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.

ده‌رباره‌ى ڕووداوه‌كانى چه‌ند ڕۆژى ڕابردووش، به‌تایبه‌تى پێشهاته‌كانى ئه‌م به‌ره‌به‌یانییه‌، هه‌رێمى كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ڕێكارى سه‌ربازى به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات. هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هێوردكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و دیالۆگ و چاره‌سه‌رى دیپلۆماسیانه‌ى كێشه‌كان و سه‌قامگیرى و ئارامییه، داواش له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كات هه‌رێمى كوردستان له‌ ململانێكانیان به‌دوور بگرن.

هه‌رێمى كوردستان پشتیوانیى هێزى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌رده‌وامیى به‌ره‌نگاربوونه‌وى تیرۆر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان به‌ پێویست ده‌زانێت، به‌تایبه‌تى كه‌ له‌ چه‌ند مانگى ڕابردوودا جووڵه‌ و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیان هه‌ڵكشاون، بۆیه‌ داوا ده‌كات كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ نه‌دات تیرۆر سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌.