Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هرووری: پێداچوونەوە بە مووچەی پێشمەرگەدا دەكرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هێزێكی نیشتیمانیی پێشمەرگە دروست دەكرێت و یەكەیەكی حیسابییان بۆ دەكرێتەوە. دەشڵێ، چاكسازی لە مووچەی فەرماندەكانی پێشمەرگەدا دەكرێت.

ریڤینگ هرووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، كۆمەڵێك چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دەكرێن و بڕیارە دەستكاریی مووچەی فەرماندە پلە باڵاكانی پێشمەرگەدا بكرێت، بەڵام ئەوانەی لە ساڵی 1991وە خەباتیان هەبووە، تایبەتمەندییان دەبێت و خزمەتیان بۆ حیساب دەكرێت و دەستكاری مووچەیان ناكرێت، بەڵام ئەوانەی دیكە دەستكاریی مووچەیان دەكرێت.

هرووری گوتیشی: "ئەوەی كێشەیەلە ئێستادا ئەوەیە، هەر هێزێكی پێشمەرگە یەكەیەكی حیسابی هەیە و مووچەی خۆی لەوێ وەردەگرێت، بەڵام بۆ ئەوەی چاكسازی بكرێت، هەموو هێزی پێشمەرگە یەك یەكەی حیسابی دەبێت و مووچەی هەموو هێزەكانی پێشمەرگەش وەكو یەك دەبێت و جیاوازی نابێت و پێشمەرگەش دەبێتە هێزێكی نیشتیمانی".

دەشڵێ، ئەمە هەنگاوێكی گرنگە بۆ هێزی پێشمەرگە، چونكە بەم هەنگاوانە پێشمەرگە دەبێتە یەك هێز و یەك یەكەی حیسابی و یەك جۆری مووچە وەردەگرن، كە ئەمە خواستی هەمووانە و ستەم لە كەس ناكرێت.

 

بڵند ئیبراهیم