Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەمڕۆ ھێزێکی تایبەت پاڵاوگەکانی دھۆکی داخست"

دهۆک -KDP.info- شەوی ڕابڕدوو ھێزێکی تایبەتی لە ناوچەی کاشێی دھۆک جێگیر کرا و ئەمڕۆ ڕێگە نەدرا ھیچ پاڵاوگەیەکی نەوت کار بکات، بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنی ژینگەی دھۆکیش دەڵێ، ھەموو پاڵاوگەکان داخراون، تەنیا یەک پاڵاوگە ئەمڕۆ کاری کردووە و، بڕیارەکە بۆ پاراستنی ژیانی ھاووڵاتیانە.

محەمەد تاھر، بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنی ژینگەی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر بڕیار بوو ھەموو پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن و مەرجی نوێش بۆ پاڵاوگەکانی مۆڵەتیان ھەیە، دەربچێت، بەڵام دوای ئەوەی ناڕەزایەتیی زۆری لێ کەوتەوە بەھۆی پیسبوونی ژینگەی شارەکەوە شەوی ڕابردوو ھێزێکی تایبەت لە ناوچەی کاشێی دھۆک جێگیر کراوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێگە نەدرا ھیچ پاڵاوگەیەک کار بکات".

بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنی ژینگەی دھۆک گوتیشی: "ئەو ھێزە سەر بە حکوومەتە و بە فەرمانی حکوومەت ھاتوونەتە ناوچەی کاشێ بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە کارکردنی ئەو پاڵاوگانەی بە نایاسایی کار دەکەن و بوونەتە سەرچاوەی پیسی و بڵاوکردنەوەی نەخۆشی بۆ ھاووڵاتیانی دھۆک."

تاھر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەمڕۆ ئێمە سەردانی دەڤەری کاشێمان کرد و جگە لە یەک پاڵاوگە، ھیچ پاڵاوگەیەک کاری نەدەکرد و ھەموویان داخراون، ھێزە تایبەتەکەی حکوومەتیش لە شوێنی خۆی ماوەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، تەنیا ڕێگەیان داوە حەوت پاڵاوگە کار بکەن و ئەوانی تر ھەموویان دادەخرێن، بەڵام ئەو حەوتەش دەبێت بە مەرجەکانی حکوومەت کار بکەن."

محەمەد تاھر جەختی کردەوە: "پاڵاوگەکان زیانێکی زۆریان بۆ ژینگە و مرۆڤەکان ھەیە، چونکە تەنیا پاشەڕۆی پاڵاوگەکانی کاشێ لە تاقیکردنەوە پشکنینی بۆ کراوە و ئەنجامەکەی دەرچووە، کە زۆر مەترسیدارە و دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی."

قائید میرۆ