Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەمەد: گفتوگۆ لەسەر دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەردەوامە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، بەردەوام لەگەڵ لایەنەكان لە گفتوگۆدان لەسەر بارودۆخی عێراق، كە چۆن تێیپەڕێنن و ئارامی بگەڕێننەوە، هاوكات گەنگەشەش لەسەر دەستنیشانكردنی كەسێكی شیاو بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت دەكەن، كە لە ئاست ئەم قۆناغەدا ئاڵۆزەدا بێت.

مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، كە ئەوان بەردەوام لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆیان سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی عێراق هەیە، كە چۆن ئەم دۆخەی ئێستا تێپەڕێنن، هاوكات ئارامكردنەوەی خۆپیشاندەران كە داوای رەوایان هەیە، بە هەمووان جۆرێك لە تێگەیشتن دروست بكرێت، تا كەسێكی شیاو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكوومەت دەستنیشان بكرێت، كە لە ئاست ئەم قۆناغەدا بێت.

 ناوبراو پێشی وایە، كە زۆر كەس لەم قۆناغەدا شان نادەنە بەر ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیە، لەبەرئەوەی ئاڵۆزیی ئێستای عێراق زۆر گەورەیە، بە باشیشی دەزانێت بە شێوەی دەستوور وڵاتەكە رێك بخرێتەوە، هاوكات داوا رەواكانی هاووڵاتیانیش جێبەجێ بكرێن، كە بەشێكی زۆری ناوەڕۆكەكەی، تاوانی ئەترافی سیاسییە، كە لەوێ نەیانتوانیوە بەو هەموو ئیمكانیاتەی لەبەردەستیان بووە، لە بوارەكانی خزمەتگوزاریدا تەرخانی بكەن، كە ناكرێ وڵاتێك دەوڵەمەند بێت، كەچی لەو شارانەی خۆپیشاندانی تێدا دەكرێت، لە سەدا پەنجای هاووڵاتیانی لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بن، ئەوەشی بە كارەسات ناو برد.

گوتەبێژی فەرمیی پارتی بە باشی دەزانێت، گۆڕانكاری لە دیدوبۆچوونی بەڕێوەبردنی وڵات بكرێت، بەو پێیەی ئیمكانیاتی ئابووری لە خزمەت سیادیدا نەبێت، به‌ڵكو پێویستە بیر لە ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان بكرێتەوە، هاوكات زانست لەم وڵاتەدا پەرەی پێبدرێت.

تا ئێستا هیچ كەسێك دەستنیشان نەكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، لە ئێستاشدا ئەو پرسە لە گفتوگۆدایە و لایەنی شیعەش پەیوەندییان بە هەندێ كەسەوە كردووە و، ئەوانیش قبوڵكردنی ئەو پۆستەیان رەت كردووەتەوە، ئەو بابەتەش بە پێی دەستوور پەیوەندی بەوانەوە هەیە، بەو پێیەی شیعە زۆرینەن، خۆیان دەبێ یەكلا بكەنەوە.

مەحموود محەممەد نایشارێتەوە، كە تەنیا هەندێ لە عێراقییەكان لە دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە ناڕازی نین، بەڵكوو لایەنی هەرێمی و دەولیشی گرتووەتەوە، كە بووەتە هۆی مەترسیی پڕۆژەی خەڵكی، هەندێ كەسیش دەیانەوێت سواری شەپۆلەكە ببن، ئەویش بە بیركردنەوەی عروبییەت و دژ بە كورد و هەندێ جاریش دژ بە لایەنە دینییەكان، كە ئەوەش رەوشەكە ئاڵۆزتر دەكات، جەختیش لەوە دەكاتەوە، ئێستا سەردەمی ئەوەیە، بە كراوەیی یەكتر قبووڵ بكەین و پێكەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە بەرین، ناكرێ بۆچوونی تاقمێك بەسەر هەموواندا بسەپێندرێت و لە سەروو یاسا و دەستوورەوە بن.

ئەو بە پێویستیشی دەزانێت، سەرجەمی لایەنە كوردستانییەكان نەگەڕێنەوە بۆ ئەو باكگراوندەی رابردوو لە گرژی و ئاڵۆزی پێكەوە هەیانبووە، بەڵكوو لەگەڵ ئەم واقیعەی ئێستادا مامەڵە بكەن، سەردانی سەرۆكی هەرێمیشی بۆ لای پارتە كوردستانییەكان بە یەكێك لەو كارانە ناو برد، كە زەروورەتی ئەم قۆناغەیە و دەبێ تێكڕای لایەنە سیاسییەكان پێكەوە بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغە هەستیارە هەڵبگرن، بەو پێیەی ئێستا فرسەت و مەترسی بوونی هەیە، لە پێناو نەكەوتنەوەی مەترسی لە بەرانبەردا قۆستنەوەی فرسەتەكان، دەبێ یەكگرتوو و یەكڕیز بین و پێكەوە كار بكەین.  

 

هۆزان سەمەد

داڕشتنەوەی_ خێڵان بەختیار