Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"وەزیری ناوخۆ ھەموو مۆڵەتێکی چەکھەڵگرتنی ھەڵوەشاندەوە"

هەولێر -KDP.info- بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو مۆڵەتێکی چەکھەڵگرتن لە ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشێندرایەوە و بەرپرسێکی دەستەی مافی مرۆڤیش دەڵێ، یەک ملیۆن مۆڵەت لە کوردستان ھەبووە.

تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی یاسای دەستەی مافی مرۆڤ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێک لەو کێشانەی دەستەی مافی مرۆڤ چەندین ساڵە داوای دەکات چارەسەر بکرێت، کێشەی ھەڵگرتنی چەکە لە ھەرێمی کوردستان، چونکە زۆربەی تاوانەکانی کوشتن بە چەک ئەنجام دەدرێن و چەک ھۆکاری سەرەکیی کێشەکانە."

ئەو بەرپرسەی مافی مرۆڤ دەشڵێت: "لەسەر داواکاریی ئێمە وەزیری ناوخۆ بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو جۆرە مۆڵەتێکی چەکھەڵگرتنی دەرکردووە و ئێستا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، کە مەزەندەی یەک ملیۆن چەک و مۆڵەتی چەکھەڵگرتن دەکرێت لە ھەرێمی کوردستان."

ئەمساڵ ھەڵمەتی ڕاماڵینی چەکی بێمۆڵەت لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، تێیدا ھێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ژمارەیەکی بەرچاوی چەکدا گرت و بەپێی بڕیاری لایەنی پەیوەندیدار چەکەکان ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کران."

تاڤگە عومەر جەختی کردەوە: "دوای پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییی نوێ، تەنیا مۆڵەتی چەک دەدرێت بەو کەسانەی زۆر پێویستن و پابەندی بڕیاری حکوومەتن، چونکە ناکرێت بەو شێوەیە چەک لە دەستی ھەموو کەسێکدا بێت، بەتایبەتی ئەو چەکانەی دوای دەوامی فەرمیش دەبرێنە نێو ماڵان و تاوانیان پێ دەکرێت و ھەندێک جاریش لە لایەن منداڵانەوە بەکار دەھێندرێن."

قائید میرۆ