Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای چاکسازی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/12/11 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان-عێراق کرا کە بەشێکە لە بەرنامەی گشتگیریی چاکسازیی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا ، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. گوتیشی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بەڵێنمان دابوو ئەم پڕۆژە یاسایە بنێرین بۆ پەرلەمان . ئەمەش پرۆژەی هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و دادپەرەوەرییە و بە دڵنیاییشەوە خەڵکی شایستە، مافەکانیان پارێزراو دەبێت.

دوای گفتوگۆکردنێکی چڕ و بەرفراون لە سەر یەک بە یەکی بڕگەکانی پڕۆژە یاساکە و دوای جێگیرکردنی چەندین گۆڕانکاریی، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمانی کوردستان.