Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سارا دڵشاد: پارتی هەمیشە پاڵپشتی پێكهاتەكانە

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی كوردستان، دوێنێ بە دەنگی ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان و كریستیانەكان، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پێشنیازەبڕیارێكی توركمانەكان كرد، پەرلەمانتارێكی كوردستانیش لە فڕاكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمان دەڵێت، دەستخۆشی لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كەوا هەمیشە پاڵپشتی نەتەوەی توركمان و پێكهاتەكانی ترە لە هەرێمی كوردستان.

سارا دڵشاد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە خوێندنەوەی یەكەمدا بۆ پێشنیازەبڕیاری ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان، وەك نەتەوەیەكی توركمانی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كە بەردەوام پاڵپشتی پرسە نەتەوەییەكانی گشت پێكهاتەكانە، كە دەستكەوتێكی مێژووییە و مافێكی سرووشتیی نەتەوەی توركمانە كە بۆ یەكەمین جار پێشنیازە بڕیارێكی وا بۆ ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان بێت ئاراوە."

ناوبراو گوتیشی: "بە وەرگرتنی دەنگی كریستیانەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان، توانیمان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەبریارەكە بكەین و سیفەتی بەپەلە بە بڕیارەكە درا، كە هەر ئەم هەفتەیە لە لیژنەی ڕۆشنبیری و یاسایی بڕیاری لەسەر دەدرێت و بۆ خوێندنەوەی دووەم ئامادە دەكرێت."

 

فایزە كۆیی