Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هۆڵەندا لە بواری كشتوكاڵ و سەربازیدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان دەكات

هۆڵەندا-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێم سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا دەكات و لە لایەن جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفەریقا و، بەرپرسی دیسكی عێراق پێشوازی لێ دەكرێ، لە دانشتنێكیشدا بەڵێنی پێدانی هاوكاری لە بوارەكانی كشتوكاڵ و سەربازی بە هەرێمی كوردستان دەدەن و، بڕیاریشە هاوكاریی ئابووریی قوربانیانی دەستی داعش بكەن.

‏ لە سەردانێكی فەرمیدا بۆ هۆڵەندا، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا، بە یاوەریی شاندێكی نوێنەرایەتی، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندای كرد و لە لایەن باڵیۆز ئان لوێما، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفەریقیا و، سیمۆنێ، بەرپرسی دیسكی عێراق لە وەزارەتی ناوبراو كۆبووەوە.

‏د. دلاوەر ئاژگەیی، لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، كە بە تێروتەسەلی باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەی كردووە و، دیدگای حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەر كۆی ڕووداوەكان ڕوون كردووەتەوە، كە یەكێك لە گرینگترین پرسە تاوتوێكراوەكانیش مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆرستانی داعش بووە لە بەشە جیاجیاكانی عێراق و ناوچەكە بە گشتی.

‏ناوبراو ئاماژەی دا بەوەی كە لە كۆبوونەوەكەدا سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باس كراوە، كە لە پێناو كوردستانێكی بەهێزتردا كار دەكات و، تیشكیشی خستووەتە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم لە پێناو چاكسازی و ڕیفۆرم و گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان. هەروەها بە وردی باسی لەو هەنگاو و دیدارانەش كردووە، كە نوێنەرایەتی لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ زانكۆكانی هۆڵەندا ئەنجامی داون، ئەویش لە پێناو دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان زانكۆكانی هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان، بە تایبەتیش سیاسەتی حكوومەت بۆ گرینگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ. بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە حكوومەتی هۆڵەندا كردووە، كە پشتگیری لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بكات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی تایبەت لە لایەن زانكۆكانی هۆڵەندا لە بواری كشتوكاڵی پێشكەوتوو و، بەرزكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و پیشەسازی، هەروەها ئاسانكاریی زیاتر بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێم بكات.

‏دلاوەر ئاژگەیی ئەوەیشی گوت، كە پرسی هاتنی پەنابەران بەشێكی دیكەی گفتوگۆی دانیشتنەكە بووە، كە تێیدا باسیان لە هاتنی شەپۆلێكی دیكەی پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان كردووە. داوای هاوكاری و پشتگیریی حكوومەتی هۆڵەندای كردووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان لە هەرێم، بە شێوەی ڕاستەوخۆ هاوكاری پێشكەش بە پەنابەران بكەن.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، كە باڵیۆز ئان لوێما، هەوڵەكانی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاندووە و، ئاماژەی بەو ڕاستییەش كردووە كە لە ئێستادا پەیوەندییەكانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی باشدا تێپەڕ دەبن و، ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاوكاری و پشتگیری لە بواری پێشخستنی كشتوكاڵ و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پڕۆگرامەكانی ناتۆ دووپات كردووەتەوە، كە لە ساڵی ٢٠٢٠ دەست پێدەكەن. هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە، كە بڕیارە هۆڵەندا بڕیار لەسەر هاوكاریی ئابووری بۆ قوربانیانی دەستی داعش لە هەرێمی كوردستان بدات.