Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خه‌سره‌و گۆران زانیاری له‌سه‌ر كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌خاته‌ ڕوو

هەولێر -KDP.info- به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نه‌ماوه‌ و ستافێكی نوێ كاری كۆمسیۆن به‌ڕێوه‌ ده‌بات و له‌ناویشیدا پشكی كورد پارێزراو ده‌بێت.

خه‌سره‌و گۆران بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "یاسای كۆمسیۆنی عێراق هه‌موار كرایه‌وه و‌ 9 كه‌سی دیكه‌ وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری كۆمسیۆن دیاری ده‌كرێن، كه‌ بریتی ده‌بن له‌ دادوه‌ر و خه‌ڵكی تایبه‌تمه‌ند, وه‌ك پێشووتر كوردستان 2 نوێنه‌ری له‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌بێت كه‌ ئالیه‌تی دیاریكردنیان به‌م شێوه‌یه دەبێت کە ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق 7 كه‌س دیاری ده‌كات و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی كوردستانیش یه‌ك دادوه‌ر و كه‌سێكی پسپۆڕ دیاری ده‌كات، كه‌ كۆی گشتی، 9 كه‌سه‌".

گۆران ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: "دیاری نییه‌ بۆ داهاتوو كۆمسیۆنی چۆن ده‌بێت, به‌ڵام كۆمسیۆنی ڕابردوو له‌ پێكهاته‌ی حزبه‌كان پێک هاتبوو, بۆ نموونه،‌ پارتی له‌ 2004 تا ڕیفراندۆم سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌بوو, به‌ڵام ئێستا دادوه‌ر و كه‌سی تایبه‌تمه‌ند ده‌بن. به ‌تیروپشک دیاری ده‌كرێن، ئێمه‌ گوتمان ده‌بێ كوردستان ئه‌ندامی له‌ ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران هه‌بێت و له‌ كوردستان دیاری بكرێت، نه‌ك له ‌به‌غدا."

ڕایشیگه‌یاند: "له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو سیسته‌می بایۆمه‌تری ده‌بێت و ئه‌وه‌ی نه‌یكردبێت، ناتوانێت به‌شداری بكات."

 

كارزان هەورامی