Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە دھۆك حەوت تیمی راماڵینی بەفر كەوتنە ئامادەباشییەوە

دهۆك-KDP.info- شەوی رابردوو شەپۆلێكی بارینی بەفر و باران ھەرێمی كوردستانی گرتەوە و، لە سنووری پارێزگای دھۆكیش حەوت تیمی راماڵینی بەفر دەستبەكار بوونە بۆ كردنەوەی رێگاكان و راماڵینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان.

دێوالی حەمێ بریندار، بەڕێوەبەری نۆژەنكردنەوەی رێگاوبانەكانی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دھۆك حەوت تیمی راماڵینی بەفر دەستبە كاربوونە و ساڵانە لە مانگی ١١ ئەو تیمانە بە ئامێری پێشكەوتووەوە خۆیان بۆ وەرزی بەفربارین ئامادە دەكەن و شەو و رۆژ لە خزمەت ھاووڵاتیاندان بۆ راماڵینی بەفر و كردنەوەی رێگاكان، كە بە ھۆی بەفرەوە ھاتوچۆ تێیاندا دەوەستێت".

بەڕێوەبەری نۆژەنكردنەوەی رێگاوبانەكانی دھۆك دەشڵێت: "هەر حەوت تیمی راماڵینی بەفر بەسەر ناوچە شاخاوییەكاندا دابەش كراون، لەوانەش لە ناوچەكانی زاویتە و گەلی زاخۆ و شێخان و چەمانكێ و پێگوڤا و ئەترووش و سەرسنگ جێگر كراون، كە لە كاتی پێویستدا دەست بە كار دەكەن".

دێوالی روونیشی كردەوە: "ئەمساڵ تا ئێستا بەفر ھیچ رێگایەكی دھۆكی دانەخستووە، بەڵام تیمەكانمان ھەموو ئامادەكارییەكیان كردووە و ھەموو ئامێرەكانی راماڵینی بەفر نۆژەن كراونەتەوە، بۆیە لە ھەر شوێنێك ھاووڵاتیان پێویتسیان بە تیمەكان بێت، بە زووترین كات دەگەنە شوێنی مەبەست و ساڵانە خزمەتێكی زۆر پێشكەش بە ھاووڵاتیان دەكەن بە كردنەوەی رێگاكان".

 

قائید میرۆ